بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە بۆنەی ۳٨مین ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەکان
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ٣٨مین ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە هەوڵى بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەى گۆری ئەنفالکراوان و گەڕانەوەى ڕووفاتەکانیان.
Arbil
هەولێر - AA
لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، یادی ٣٨ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکان بەرز دەنرخێنێ و رادەگەیەنێ، "جینۆسایدى بارزانییەکان تاوانێکى گەورەى دژبە بەهاکانى مرۆڤایەتى و ئایین و سروشت و گەردوونە کە تیایدا ٨ هەزار مرۆڤى بارزانى بێتاوان تەنها بەهۆى کورد بوون و مێژووى بەرگرىکردن و تێکۆشانیان بۆ میللەتە ئازادیخوازەکەیان جینۆساید کران".
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراواندا هەروەها هاتووە: "لە کاتێکدا کە ئەم یادە کارەساتبارە دەکەینەوە، وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەى چارەنووسى قوربانیان، چونکە تا ئەمڕۆش رووفاتى بەشێکى زۆریان لە بیابانەکاندا گۆڕەکانیان نادیارە و لە هەوڵى بەردەوامداین بۆ دۆزینەوەى گۆرەکانیان و گەڕانەوەى ڕووفاتەکانیان".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان داوا دەکات کە لە بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کورد، "حکوومەتى عێراقى فیدراڵ ئەرک و پابەندبوونى دەستوورى و یاسایى و بڕیارەکانى دادگا جێبەجێ بکات".
دەقی بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە یادی ٣٨ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکان
بەڕێزان کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان
٣٨ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە درێژەی پیادەکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەیدا دژ بە گەلی ستەملێکراوی کوردستان، ھەستا بەکۆمەڵکوژی بارزانییەکان، کە ئەوە سەرەتای پیلانێکی گەورە بوو بۆ لە ناوبردن و پاکتاوکردنی ڕەگەزی گەلێک کە دەیویست لەسەر خاکەکەی خۆی بە ئازادی بژی.
جینۆسایدی بارزانییەکان تاوانێکی گەورەی دژبە بەھاکانی مرۆڤایەتی و ئایین و سروشت و گەردوونە کە تیایدا ٨ ھەزار مرۆڤی بارزانی بێتاوان تەنھا بەھۆی کورد بوون و مێژووی بەرگریکردن و تێکۆشانیان بۆ میللەتە ئازادیخوازەکەیان جینۆساید کران.
ئاشکرایە ھەر ڕاستەوخۆ لە پاش ڕێکەوتننامە بەدناوەکەی جەزائیرەوە ڕژێم کەوتە داڕشتنی پیلانی قەڵاچۆ کردن و لە ناوبردنی گەلی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا مەڵبەندی تێکۆشانی سەدەیەک خەبات و زێدی شۆرشگێرانیان لە بارزان کردە ئامانج. ئەوە بوو ھەر لە ساڵی ١٩٧٧ دا ھەزاران خێزانیان بەرەو دیوانیە و شارەکانی باشووری عێراق ڕاگوێزا، بە خەیاڵی خۆیان بۆ ئەوەی دایان ببڕن لە چیا و گوندەکانیان و دەرفەت نەمێنێتەوە بۆ خەبات و بەرگریی. دواتر بۆ ئۆردوگاکانی قوشتەپە و بەحرکە و ھەریر و گۆڕەتوو دەوروبەری ھەولێر گوێزرانەوە و پیلانی نەخوازراوی رژێمی بەعسی رووخاو بەردەوام بوو بۆ ئەنجامدانی جینۆسایدی بارزانییەکان، تا لە دواھەمین ڕۆژی مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٨٣ یەکەمین قۆناغی ڕەشبگیریی بارزانییەکان دەستیپێکرد و بە سێ قۆناغ لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا نزیکەی ٨ ھەزار مرۆڤی بێ تاوان دەستگیرکران و لە بیابانەکاندا بێسەروشوێن کران و ھەزاران خانەوادە بێ باوک و دایک بێ جگەرگۆشە و ھاوسەر ماڵوێران کران و لە دوای ئەو تاوانە کەوتنە ژێر باری سەختی پەروەردەکردنی خێزان و منداڵەکانیان و لەو پێناوەدا تەمەنی خۆیان لەگەڵ رەنج و چاوەڕوانی کەسوکارە جینۆسایدکراوەکان بەسەربرد.
خانەوادەی ستەملێکراوان و قوربانیانی جینۆساید
وەنەبێ ڕژێم بە جینۆسایدی بارزانییەکان کۆتایی بە پیلانەکەی ھێنابێ، بەڵکو بە ئامانجی سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتی قڕکردن و لەناو بردنی گەلەکەمان بە وێرانکردنی گوندەکان و ڕاگواستنی دانیشتووانەکەی لە ژێر ناوی ( پرۆسەکانی ئەنفال ) ھەروەھا کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ و چەندین ناوچەی تری کوردستان کە دواجار ھەموو ئەو تاوانکارییانە لە ژێر ڕۆشنایی یاسا و پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا بەبوونی سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ و ھەزاران بەڵگەی یاسایی بە جینۆساید ھەژمارکران و بە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی ( ٢٠١١ ) وەک تاوانی جینۆساید و دژی مرۆڤایەتی و جەنگ لە قەڵەمدرا.
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
لە کاتێکدا کە ئەم یادە کارەساتبارە دەکەینەوە، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە ھەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی قوربانیان، چونکە تا ئەمڕۆش رووفاتی بەشێکی زۆریان لە بیابانەکاندا گۆڕەکانیان نادیارە و لە ھەوڵی بەردەوامداین بۆ دۆزینەوەی گۆرەکانیان و گەڕانەوەی ڕووفاتەکانیان.
ئەگەرچی ئەم تاوانە بێ وێنەیە زامێکی قوڵی جەستەی نەتەوەکەمانە و ساڕێژبوونی ئەستەمە، بەڵام مایەی شانازییە بۆ ئێوە و میلەتەکەمان بە گشتی کە ئەو شەھیدە سەربەرزانە لە یاد و زاکیرەی بە کۆمەڵی ملیۆناندا زیندوون و سەرچاوەی ئیلھامی ژیان و بەرخودانن و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە گەورەیەش لە دۆزەخی بیرەوەری مرۆڤایەتی و مێژوودان.
ھەرچەندە لەم ساڵدا بەھۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی خۆپارێزی تەندروستی نەتوانراوە وەک ساڵانی پێشووتر ئەم یادە بکرێتەوە، بەڵام وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەت، ھەموو تواناکانمان دەخەینەکار تا خزمەتی شایستە پێشکەش بە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان بکەین و یادی قوربانییەکان بەرز ڕابگرین و کاردەکەین بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرحەق بە گەلەکەمان کراون، بەپێویستی دەزانین حکوومەتی عێراقی فیدراڵ ئەرک و پابەندبوونی دەستووری و یاسایی و بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ بکات.
نەمریی بۆ قوربانییانی جینۆسایدی بارزانییەکان و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان
سەربەرزی و شکۆمەندیی بۆ کەسوکاریان.
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان
٣١/ ٧ / ٢٠٢١