عێراق

لە چەمچەماڵ ٣٦ھەمین ساڵیادی ئەنفال کرایەوە

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییان و بەرپرسانی حکوومی لە مۆنیۆمێنتی ئەنفالی چەمچەماڵ، ٣٦ھەمین ساڵیادی ئەنفال کرایەوە.

Heman Hussein Yaseen  | 14.04.2024 - نوێکردنەوە : 23.04.2024
لە چەمچەماڵ ٣٦ھەمین ساڵیادی ئەنفال کرایەوە

As Sulaymaniyah

ھەولێر ــ AA

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییان و بەرپرسانی حکوومی لە مۆنیۆمێنتی ئەنفالی چەمچەماڵ، ٣٦ھەمین ساڵیادی ئەنفال کرایەوە.

١٤ی نیسانی ھەموو ساڵێک، لەلایەن لە هەرێمی کوردستان یادی کۆمەڵکوژی بە دەستی سوپای ڕژێمی بەعس دیاری کراوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش ھەمان ڕۆژی وەک ڕۆژێکی نیشتمانی لە سەرانسەری وڵات دیاری کردووە.

توێژەر لە بواری ئەنفال و جینۆساید، فاتیح سەنگاوی لەبارەی بۆنەکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ٣٦ ساڵ ھێشتا ئەو دۆسیییە زیندووە، کەسوکاری قوربانییان ھێشتا قەرەبوونی ماددی و مەعنەوەی نەکراونەتەوە، ھێشتا ڕووفاتەکان نەھاتووەتەوە لە کاتێکدا دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ ھەیە و ڕووفاتی تیادایە، لەلایەکی دیکەوە ئەم دۆسییەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید نەناسێنراوە و کاری جددی بۆ نەکراوە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی بەداخەوە تەنانەت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش جێبەجێ نەکراوە، هەر ئەمڕۆ یەکێک لە داواکارییەکانی کەسوکارانی ئەنفال دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بووە، کەواتا کەسوکاری ئەنفالکراوان لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری بێبەشن".

فاتیح سەنگاوی گوتیشی: "پێویستە دوای ھەر کارەساتێک، دەسەڵاتێکی دادپەروەر دروست بکرێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە نە دەسەڵاتێکی دادپەروەرمان دروستکرد و نە خەڵکمان دڵخۆش کرد، نە ئەوەی کە لە یاسادا پێی دەڵێن دادپەروەری ڕاگوزەری کە کۆمەڵێک داخوازی و کار و شوێن لە خۆ دەگرێت، بەداخەوە ھیچیان دروست نەکران".

ئەو توێژەرەی بواری ئەنفال ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی ئەوەی قوربانییەکان بەر لەوەی ئەنفال بکرێن ناسنامەیان لێ وەرگیراوە، بۆیە ئاسان نیە بزانرێت کام گۆڕی بە کۆمەڵ خەڵکی کام ناوچەی تیادایە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بە دەگمەن خەڵکێک هەبووە ناسنامەکەی لە گیرفاندا بووە و ئەنفالکراوە.

فاتیح سەنگاوی لەمبارەیەوە گوتی: "لەناو گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا ئەوەی کە ناسنامەی لە گیرفان بێت شتێکی زۆر کەمە و دەگمەنە، چونکە کاتی خۆی ئەوانە ناسنامەیان لێ وەرگیراوەتەوە و ئینجا ئەنفالکراون، بەڵام دەکرێت دانە دانە ئەو ڕووفاتانە بدۆزرێنەوە کە ناسنامەیان لە گیرفانە بۆ ئەوەی بزانرێت گۆڕەکەکە قوربانییانی چ ناوچەیەکن".

لەبارەی ئەو دیمەنە ناخهەژێنانەی کە لەمیانی پڕۆسەکەدا هەبووە بەر لە زیندەبەچاڵکردنی هاووڵاتییانی سڤیل، فاتیح سەنگاوی گوتی: "زۆر دیمەنی ناخھەژێن لە پڕۆسەی ئەنفالدا ھەبووە، بۆ نموونە منداڵ هەبووە لەناو ئیڤای سەربازی لەدایک بووە و منداڵەکە فڕێدراوەتە خوارەوە و سەگ خواردوویەتی بەبەرچاوی دایکەکەوە، دەیان دیمەنی دیکەی ناخھەژێنی ھاوشێوە ھەیە لە نوگرە سەلمان هەبووە، بۆ نموونە کاتێک کەسێک لەناو گرتووخانەکەدا گیانی لەدەستداوە، کەمێک خۆڵیان بەسەردا کردووە و دواتر سەگ دەریهێناوەتەوە".

هاوکات ژنێکی دیکەی تەمەن ٨٠ ساڵ کە تەواوی کەسوکارەکەی لە پڕۆسەی ئەنفالدا لەدەست داوە، ئاواتەخوازە گۆڕی کوڕەکەی بدۆزێتەوە و پرسەیەکی بۆ دابنێت.

کافیە عەلی تەمەن ٨٠ ساڵ کە تەواوی کەسوکارەکەی لە پڕۆسەی ئەنفالدا لەدەستداوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قوربانییانی ئەنفال زوڵمێکی گەورەیان لێکراوە، تا ئێستاش گۆڕەکانییان دیار نیە، بۆیە ھەموو گۆڕەکانی ئەنفال بە گۆڕی کوڕەکەی خۆم دەزانم، ئاواتمە گۆڕی کوڕەکەم بدۆزمەوە و پرسەی بۆ دابنێم، من ١٥٠ کەسم ئەنفالە، زوڵمێکی گەورە بوو بەرامبەر بە ئێمە کرا".

ئەنفال یەکێکە لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کە لەلایەن ڕژێمی بەعس ڕووخاوەوە بەرامبەر کورد ئەنجامدرا و پڕۆسەکە لە ساڵی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و بە چەند قۆناغێک بەردەوامبوو، بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئاکامی پرۆسەی ئەنفالدا، ١٨٢ ھەزار کەسی مەدەنی بووەنەتە قوربانی و چوار ھەزار و ٥٠٠ گوندیش خاپوورکران.

ڕووفاتی بەشێک لە ئەنفالکراوان کە دەگوترێت بەشێکیان بە زیندوویی خراونەتە چاڵەوە، لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ دانیشتووانی پارێزگاکانی ئەنبار، نەجەف و موسەننا کە شایەتحاڵی ڕووداوەکانیش بوون و گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان پێ دەزانی، ھێندرانەوە ھەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاک سپێردران.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın