1 23
14 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2017
ھەڵەبجە – AA
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی ھەڵەبجە، کامەران مستەفا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجمان لە مەراسیمەکە زیندوو راگرتنی یادی جینۆسایدی ئەنفالە، بەو پێیەی ھەڵەبجە و ئەنفال دوو دەستە خوشکی ناسنامەی نەتەوەی کوردن بۆیە دەمانەوێت ھەموو ئەو تاوانانەی دەرھەق بەم گەلەمان کراون بە زیندوویی رابگرین تا ھەموو وڵاتانی جیھانی لەزام و مەینەتیەکانی گەلەکەمان باشتر تێبگەن".
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی ھەڵەبجە گوتیشی: "ئێمە لە ھەڵەبجە وێڕای کیمیاباران ئەنفالیش کراوین، خەڵکمان ھەیە لە خێزانەکەیدا جگە لەو ئازیزانەی کە بەھۆی کیمیابارانی ھەڵەبجەوە لەدەستی داون، شەھیدی ئەنفالیشی ھەیە، چونکە ئەنفالکراوانی ھەڵەبجە دوای گەڕانەوەیان لە ئاوارەیی پاش کیمیابارانی شارەکە لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنفالیش کران".
دەربارەی ئاماری قوربانیانی ھەڵەبجەش کامەران مستەفا گوتی: "ژمارەی قوربانیانی ئەنفالی ھەڵەبجە لە نێوان هەزار و ٢٠٠ بۆ هەزار و٣٠٠ شەھیددایە، کە لەو ژمارەیە و ھەر لەناو زیندانەکانی نوگرە سەلمان و تۆبزاوە ٧٥ کەسیان شەھید بوون و نزیکەی ٢٩٠ کەسی تریان بێ سەروشوێن کراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، بەڵام خۆشبەختانە نزیکەی هەزار کەسیان لە مردن گەڕانەوە، شەھیدەکانی ئەنفالی ھەڵەبجە وەک شەھید تۆمار کراون، بەڵام تا ئێستا نزیکەی ١٣٠ کەس لە بێ سەروشوێنانی ئەنفال وەک قوربانی ئەنفال رەزامەندیان لەسەر دراوە".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گرووپی بەرین، رۆشنا ساڵح کە مەراسیمەکەیان بۆ ساڵیادی ئەنفالی ھەڵەبجە رێکخستبوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مەراسیمەکەمان بریتی بوو لە زیندوو راگرتنی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالی ھەڵەبجە و ھاوکات داواکارییەک بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامێکی دڵنیا بەخش بە کەسوکاری بێسەروشوێنانی ئەنفالی ھەڵەبجە، چونکە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان ھەمیشە لە چاوەڕوانیدان، چاوەڕوانیەکی نادیار و سەراب ئاسا کە ئەوسەری دیار نییە".
گوتیشی: "بۆ ئەمساڵ و وەک رێزلێنان لە قوربانیانی ئەنفال چاوەڕوانی خاتوو سەبری دایکی پێنج منداڵی ئەنفالکراومان کردە فیلمێکی دیکۆمێنتاری تا ھەمووان لە ئازاری چاوەڕوانیەکانی ئەوان تێبگەین و پاشتریش خەڵاتی رێزلێنانمان پێبەخشی".
ئەندامی کۆمەڵەی ئەنفالکراوەکانی ھەڵەبجە، عەلی مەلا عارف کە خۆی یەکێکە لە رزگاربوانی ئەنفالی ھەڵەبجە و لە زیندانی نوگرە سەلمان گەڕاوەتەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو داواکاریەکانی کۆمەڵەکەیانی خستەروو، کە "لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داوای ناساندنی کەیسی ئەنفالی گەلی کورد دەکەین وەک جینۆساید و لە ئاستی ناوخۆشدا ھێنانەوەی رووفاتی ئازیزانمان و ئەنجامدانی پشکنینی DNA و ناساندنەوەیان بە کەسوکاریان، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی کوردستان وەک خۆی".
گوتیشی: "ئێمە وەک ئەنفالکراوەکانی ھەڵەبجە داواکاریی سەرەکیمان ھێنانەوەی رووفاتی ئازیزانمانە، ئێمە لە مانگی چواری ساڵی ٢٠١٣ بەندە وەک شایەتحاڵی ئەنفالی ھەڵەبجە بە یاوەری شاندی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی کوردستان و تیمی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی چوینەوە زیندانی نوگرە سەلمان و دەستنیشانی شوێنی گۆڕی ئەنفالکراوانی ھەڵەبجەمان بۆ کردن، بەڵام بە داخەوە حکوومەتی ئەوکاتی مالکی وەکو پێویست بەدەم ئێمەوە نەھات و ھاوکاریی پێویستی نەکردین، بۆیە لەو کاتەوە تا ئێستا بە نائومێدی لە چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی رووفاتی ئازیزانمانداین".
گوتیشی: "گەورەترین ئاواتی ئێمە گەڕاندنەوەی رووفاتی ئازیزانمانە، چونکە من بۆ خۆم کە لە نوگرە سەلمان و دوای شەھیدبوونی براکەم لەژێر ئەشکەنجەدا کە بە خاکم سپارد، بەڵێنم بەخۆم داوە کە بیگەڕێنمەوە بۆ ھەڵەبجە، من دوای ٢٥ ساڵ توانیم جارێکی تر بڕۆمەوە سەر ئەو شوێنەی تیایدا ئەسپەردەی خاکم کرد، ئومێد دەکەین لە داھاتوودا پەیوەندیی نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێم ھاوکار بێت لە بەدیھاتنی ئەو ئاواتەماندا و رواتەکانیان بگەڕێنینەوە".