هێرشەکان لە گەرووی باب مەندەب ئاستەنگی بۆ ھێڵی بازرگانی جیهانی دروست کردووە
گەرووی باب مەندەب، ھاتن و چوونی کەشتییە بازرگانییەکان لەنێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ کەمدەکاتەوە، ھەروەھا ڕۆژانە لەسەدا ١٠ی نەوتی ھەناردەکراو بەنێو گەرووەکە تێدەپەڕێت.

Istanbul
ئیستانبوڵ – AA
گەرووی باب مەندەب باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، کەوتەژێر کاریگەریی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە و بووەتە ڕۆژەڤی گەرمی میدیا جیھانییەکان.
ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، گەشتە بازرگانییەکانیان لە دەریای سوور لە ترسی ھێرشی حووسییەکان ھەڵپەساردووە.
ڕۆژی ١٩ی مانگی تشرینی دووەم، حووسییەکان ڕایانگەیاند لە دەریای سوور، دەستیان بەسەر کەشتی "Galaxy Leader"دا گرتووە کە بۆ سەرمایەدارێکی ئیسرائیلی دەگەڕێتەوە.
حووسییەکان بۆ چەندینجار وەک پاڵپشتیکردن لە فەڵەستین، ھەڕەشەی ئەوەیان کردووە، لە دەریای سوور ئەو کەشتیانە دەکەنە ئامانج کە سەربە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانن و داواشیان لە وڵاتان کردووە، ھاووڵاتییانی خۆیان بکشێننەوە کە وەک بەشێک لە تیمی نێو ئەو کەشتیانە کاردەکەن.
ھێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئەو کەشتیانەی لە گەرووی باب مەندەب کە وەک خۆیان دەڵێن، "پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە" ھەیە بەردەوامە کە بەھۆیەوە ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەورەکانی جهیان، گەشتە بازرگانییەکانیان لە دەریای سوور تا کاتێکی نادیار ھەڵپەساردووە.
لەنێو ئەو کۆمپانیانەی کە گەشتە بازرگانییەکانیان لە دەریای سوور لە ترسی ھێرشی حووسییەکان ھەڵپەساردووە بریتین لە کۆمپانیاکانی "MSC" ،" AP Moller-Maersk " و "CMA-CGM".
ئەو سێ کۆمپانیایە، بە سێ کۆمپانیای گەورەی جیھان بۆ گواستنەوەی کۆنتێنەر دادەندرێن.
ھاوکات لەئێستادا لەسەر ئاستی جیھان، ترسی ئەوە ھەیە کە ڕەنگە ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە، ھەڵپەساردنی گەشتە بارزگانییەکانیان لە گەرووی باب مەندەب لە ترسی ھێرشی حووسییەکان ڕابگەیەنن، ئەمەش مانای ئەوەیە ھێڵی بازرگانی لەنێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا لە گەرووی باب مەندەب ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت.
- گرنگی باب مەندەب
گەرووی باب مەندەب دەکەوێتە نێوان نیمچە دوورگەی عەرەبی و ئەفریقاوە، ھەروەھا دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و زەریای ھیندییەوە دەبەستێتەوە.
گەرووی باب مەندەب، درێژییەکەی ٢٠ میل (٣٢ کم)، ھەروەھا لە ڕێگای دوورگەی بریم-ەوە دابەش کراوە بەسەر دوو کەناڵدا، کەناڵی ڕۆژئاوا کە پانییەکەی ١٦ میل (٢٦کم) و کەناڵی ڕۆژھەڵات کە پانییەکەی دوو میل (سێ کم).
لەگەڵ دروستکردنی کەناڵی سوێس باکووری میسر، گەڕووی باب مەندەب گرنگییەکی گەورەی ستراتیژی و ئابووری بەدەستھێنا، ھەروەھا بووە بەشێک لە بەستنەوەی دەریای ناوەڕاست بە ڕۆژھەڵاتی ئاسیاوە.
گەرووی باب مەندەب، ھاتن و چوونی کەشتییە بازرگانییەکان لەنێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ کەمدەکاتەوە.
ئەو کەشتیانەی کە لە ئاسیا و ناوچەی کەنداوەوە دێن بەنێو گەڕووەکە تێپەڕدەبن و دەگەن بە کەناڵی سوێس و لە ئەگەری داخستنی گەرووەی باب مەندەب، پێویستە ڕێرەوی خۆیان بگۆڕن و بە باشووری ئەفریقاوە تێپەڕبن و خۆیان بگەیەننە کەناڵی سوێس.
بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ڕۆژانە لەسەدا ١٠ی نەوتی ھەناردەکراو بەنێو کەڕووی باب مەندەب تێدەپەڕێت، بۆیە بەبێ گەرووی باب مەندەب، ناسەقامگیری لە بازاڕەکاندا وزەدا دروست دەبێت.
ماڵپەڕی "Vessel tracking" کە تایبەتە بە بەدواداچوون بۆ کاری بازرگانی دەریایی لە جیھاندا، ڕۆژانە ٦٠ کەشتی بازرگانی بەنێو گەرووی باب مەندەب تێپەڕدەبن کە ساڵانە دەگاتە نزیک بە ٢٢ هەزار کەشتی.
ھاوکات گەرووی باب مەندەب لەڕووی سەربازیی و ئەمنییەوە، گرنگییەکی زۆری ھەیە، پێشتر میسر لە کاتی شەڕی ١٩٧٣دا بەڕووی ئیسرائیلدا دایخست. دوابەدوای ھێرشەکانی ئەیلوولی ٢٠٠١ لە ئەمریکا، ھێزەکانی ئەمریکا لەشەڕی دژبە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە، ئەرکی پاراستنی تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکانیان لە گەرووی باب مەندەب، لە ئەستۆ گرت.
- ھێرشەکانی چەکدارانی حووسی بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە باب مەندەب
لە ماوەکانی ڕابردوودا، بە تایبەتی دوای دەستپێکردنی ھێرشی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، حووسییەکان زنجیرەیەک ھێرشیان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی باب مەندەب ئەنجامداوە.
لە ١٩ی تشرینی دووەمدا، ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە حووسییەکان لە دەریای سوور دەستیان بەسەر کەشتییەکی بازرگانی بەریتانیدا گرتووە کە لەلایەن ژاپۆنەوە بەڕێوەدەبرێت.
ھاوکات لە ٣ی ئەم مانگەدا، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ھێرش کراونەتە سەر سێ کەشتی بارزگانی لە باشووری دەریای سوور کە دواتر حووسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی ھێرشەکان ڕاگەیاندبوو.
ھەروەھا لە ٩ی ئەم مانگە، حووسییەکان ھەڕەشەی ئەوەیان کرد، ھەموو ئەو کەشتییانەی کە لە دەریای سوورەوە بەرەو ئیسرائیل دەچن، دەکەنە ئامانج، ھەروەھا ھۆشداریان دایە ھەموو ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانە کە مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل نەکەن.
لە ١٢ی ئەم مانگەدا، گوتەبێژی حووسییەکان، یەحیا سەریع ڕایگەیاندبوو کە بە ئاراستەکردنی مووشەکێک لەلایەن چەکدارەکانیانەوە، کەشتییەکی نەوتھەڵگری نەرویج'یان کردووەتە ئامانج کە لە دەریای سوورەوە بەرەو ئیسرائیل دەچوو.
لە ١٥ی ئەم مانگەدا حووسییەکان ڕایانگەیاندبوو، ھێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی گواستنەوەی کۆنتێنەر کە لە دەریای سوورەوە بەرەو ئیسرائیل دەچوون.
لە ١٥ی ئەم مانگەدا" AP Moller-Maersk " کە بە یەکێک لە کۆمپانیای گەورەکانی جیھان بۆ گواستنەوەی کۆنتێنەر دادەندرێت ڕایگەیاندبوو کە گەشتە بازرگانییەکانیان لە دەریای سوور لە ترسی ھێرشی حووسییەکان ھەڵپەساردووە.
ھاوکات لە ١٦ ئەم مانگە ھەریەک لە کۆمپانیاکانی "MSC"، " AP Moller-Maersk " و "CMA-CGM" کە ئەوانیش بە دوو کۆمپانیای گەورەی جیھان بۆ گواستنەوەی کۆنتێنەر دادەندرێن ڕایانگەیاندبوو کە گەشتە بازرگانییەکانیان لە دەریای سوور لە ترسی ھێرشی حووسییەکان ھەڵپەساردووە.
لە ١٦ی مانگەدا، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ١٤ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن حووسییەکانەوە لە یەمەن ئاراستە کرابوون.