Zana Natık Kerem
11 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2018
یەمەن ــ AA
سەرچاوەیەک لە حکوومەتی شەرعی یەمەن رایگەیاند، وەزیری راگەیاندن لە بەناو حکوومەتی حووسی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدانەنراوە جیابووەتەوە.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەزیری راگەیاندن بەناو حکوومەتی حووسی، عەبدولسەلام جابر دوای ئەوەی جیابوونەوەی خۆی راگەیاند، گەیشتە شاری ریاز پایتەختی سعوودیە".
ھاوکات باڵیۆزخانەی یەمەن لە ریاز ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لە باڵیۆزخانەکەیان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ عەبدولسەلام جابر ساز دەکەن.
لای خۆیەوە بەناو حکوومەتی حووسی رایگەیاند کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حووسی، زەیفوڵڵا شامی بۆ شوێنگرەوەی عەبدولسەلام جابر وەک وەزیری راگەیاندنی حکوومەتەکەیان دەستنیشانکردووە.
لەمبارەیەوە کەناڵی مەسیرە سەربە حووسییەکان بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی بڕیارێکی دەرکردووە و بەپێی بڕیارەکە، زەیفوڵڵا شامی بۆ وەزیری راگەیاندن بەناو حکوومەتی حووسی دەستنیشانکراوە.