Muhammet Ali Kemal
11 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2018
مەدرید - AA
یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی گەڕی ١٦ی جامی شای ئیسپانیادا لەناو یاریگای خۆیدا میوانداریی یانەی نومانسیای کرد و یارییەکە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک بە یەکسانبوون کۆتایی هات، بەو ئەنجامەش ریال مەدرید سەرکەوت بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی جامەکە.
یانەی شاهانە بە پێکهاتەیەکی یەدەگەوە، هاوشێوەی یاری رۆیشتن، بەشداریی لە یارییەکەدا کرد و لە خولەکی ١١دا لە رێگەی گۆڵێکی لوکاس ڤازکێزەوە بە گۆڵێک پێشکەوت. دواتر لە ئەنجامی هێرشێکدا نومانسیا لە خولەکی ٤٥دا لە رێگەی گۆڵێکی گویلێرمۆ فێرناندێز هیێرۆوە ئەنجامەکەی بۆ یەکسانکردەوە بۆ یەک بە یەک و گێمی یەکەمی یارییەکە بەو شێوەیە کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمی یارییەکەدا یانەی خاوەن ماڵ لە رێگەی گۆڵێکی دیکەی لوکاس ڤازکێزەوە لە خولەکی ٥٩دا ئەنجامەکەی کردە دوو بە یەک. بەڵام دیسان گویلێرمۆ فێرناندێز هیێرۆی یاریزانی نومانسیا فریای یانەکەی کەوتەوە و لە خولەکی ٨٢دا لە رێگەی سەرەوە گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانەکەی تۆمار کرد و ئەنجامەکەی کردە دوو بە دوو. هەر بەو ئەنجامەش یارییەکە کۆتایی هات.
لە خولەکی ٩٠+٢دا دانی کاڵڤۆی یاریزانی یانەی میوان، دوای ئەوەی کارتی دووەمی زەردی وەرگرت، یاریگای جێهێشت.
لەبەر ئەوەی یانەی ریال مەدرید یاریی رۆیشتندا بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر لە نومانسیای بردبوویەوە، بەو یەکسانبوونەی یاریی گەڕانەوە توانی بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی سەرکەوێت.