Zana Natık Kerem
03 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2022
عێراق ــ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سۆزان مەنسور رایگەیاند کە ھێشتا حزبەکەی پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری عێراق و ئاماژەی بەوەیشدا کە تاکە کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرکۆمار، بەرھەم ساڵح-ە.
سۆزان مەنسور لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستا کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرکۆمار کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت، بەرھەم ساڵح-ە و گوتی:
"تەنانەت ئەگەر نزیکبوونەوە لە دەستپێشخەرییەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بێتە ئاراوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێشتا پێداگیرە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرکۆمار وەربگرێت، ھەروەھا ھەرچی رووبدات، سازش ناکات لەسەر کاندیدەکەی خۆی کە بەرھەم ساڵح-ە ".
باسی لەوەش کرد کە گفتوگۆکان لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە و گوتی: "ئومێد دەکەین ھەردوولا بگەنە رێککەوتن و بە یەک کاندید بچنە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە".
ناوبراو راشیگەیاند کە بەم دواییانە ھەواڵی ئەوە بڵاوکراوبوویەوە کە گوایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی یەکلاییکردنەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرکۆمار گەیشتوون بە رێککەوتن، بەڵام تا ئێستا ھیچ کاندیدێک یەکلایی نەکراوەتەوە و گوتی: "تاکە کاندیدی ئێمە بۆ پۆستی سەرکۆمار، بەرھەم ساڵح-ە".
پارتی دیموکراتی کوردستان، رێبەر ئەحمەد-ی بۆ پۆستی سەرکۆماری نوێی عێراق کاندید کردووە و لای خۆیەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرھەم ساڵح-ی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە.