رێککەوتننامەی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە بەردەمی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەلایەن رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان نەوشێروان مستەفا و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کۆسرەت رەسوڵ لە دەباشان واژۆکرا و چاودێرانی سیاسییش بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر رێککەوتنەکە.
ئەگەرچی پێشی چەند رۆژێک رەشنووسی رێککەوتننامەکە بڵاوبووەوە کە بریتی بوو لە 11 بەش و 25 ماددە، بەڵام دواتر دوو ماددەی بڕگەکان هەموارکرایەوە و بەشێکیش لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری رێورەسمی واژۆکردنەکەیان نەکرد.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم رێککەوتننامەیە، بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە ئەم رێککەوتننامەیە دژی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە و بەشێکیش وا نابینن کە دژی پارتی بێت.
هۆکاری رێککەوتن
سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوە و گەشەپێدان سەرۆ قادر سەبارەت بەم پرسە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئەو رێککەوتننامەیە نەوشێروان مستەفا دیزاینەریەتی و وەک خۆیان دەڵێن ماوەی حەوت مانگە لە وڵاتی بریتانیا زۆربەی کاتەکانی بەو پڕۆژەیە خەریک بووە، لەگەڵ ئەو رێککەوتننامەیەشدا جمجوڵێ بازرگانی لە سلێمانی و بەغدا زیاتر بوو، بۆیە هەموو کەس وابیردەکاتەوە کە ئەو رێککەوتنە گەڕێکی دیکەی تەنگوچەڵەمەی سیاسییی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات، بە تایبەتی دوای ئەو شکانەی کە نەوشێروان مستەفا تووشی بوو کە کوردستانی بەجێهێشت و هیچ قسەیەکی نەکردووە بۆ هیچ دەزگایەک، لە لۆژیکی سیاسییدا ئەوە نیشاندەدات کە هێشتا لە شەڕ بەردەوامە و وازینەهێناوە".
سەرۆ قادر گوتیشی: " لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بە رێککەوتنێکی ئاسایی نێوان دوو حزب وەریبگرین، لە ژیانی سیاییدا شتی وا روودەدات و ئەگەر لەبەرژەوەندی حزبیی خۆیان بێت ئاساییە بەڵام ئەگەر بەرەیەک بێت بۆ بەرەنگاربوونەوە ئەوە کارێکی خراپە".
هاوکات کۆمەڵناسێک پێی وایە ئایدیۆلۆژیای هاوبەش لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا هەیە و ئاماژە بەوەش دەکات کە یەکگرتنەوەی ئەو دوو هێزە لە داهاتوودا ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە .
مامۆستا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەدین دکتۆر موراد حەکیم سەبارەت بەم پرسە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "واژۆکردنی ئەو رێککەوتننامەیە دوو هۆکاری هەبوو، ئەویش ئەوەیە کە ئەو دوو لایەنە سیاسییە لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە لەیەکتر نزیکن و شوێن پێیەکانییان بریتییە لە زۆنی سەوز و زۆنی نیلیی کە لە سلێمانی کەرکووک بوونییان هەیە، هەردووکیان لە ڕووی دابەشبوونی هەرێمییەوە لەیەکتر نزیکن و دوای ئەوەش پێگەی جەماوەرییان وەکو یەکە و ئەمەش زۆر چاوەڕوانکراو بوو، رەنگە لە داهاتووشدا یەکبگرن".
پسپۆڕێکی سیاسییش پێی وایە کە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەیەک ئاستن و ئەو رێککەوتنەش بۆ کەمکردنەوەی ململانێی نێوانییانە.
مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ سەبارەت بەم پرسە گوتی: "رێککەوتننامەی نێوان گۆڕان و یەکێتی بە شێوەیەکی گشتی رێککەوتنێکی سیاسییە بۆ هەماهەنگی و شێوازی کارکردن، بێگومان دەزانین کە ململانێ لە نێوان هەردوولادا هەبوو، جگە لەوەش ئەو رێککەوتننامەیە هاوشێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا یەکێتی وگۆڕان لە دەڤەری سلێمانی لە یەک ئاستدان وکەوتوونەتە کێبڕكێ، بۆیەش ناچاربوون کە رێککەوتنێک دابڕێژن بۆ کەمکردنەوەی ئەو ململانێیە".
رۆڵی وڵاتانی دراوسێ
هەرچەندە بەشێک لە هاووڵاتییان بە گومانەوە دەڕواننە ئەو رێککەوتننامەیە و چاودێرانیش بۆچوونی جیاوازییان هەیە لەسەر رۆلی وڵاتانی دراوسێ لەسەر هۆکاری ئەم رێککەوتنە.
سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوە و گەشەپێدان سەرۆ قادر سەبارەت بەم پرسە گوتی: "ئێران دیزاینەری سەرەکیی بیرۆکەی درووستکردنی بەرەیەکی دژی بارزانییە بەتایبەت ئەو لێپرسراوانەی لەناوەوەی ئێران قسە دەکەن ئاماژە بەوە دەکەن کە مەسعود بارزانی خەریکی درووستکردنی دەوڵەتێکە کە ئیسرائیلی دووەمە لە ناوچەکە و دوژمنی ئێمەیە، پێشی دوومانگ وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە یەکێک لە کەناڵەکان گوتی ئەگەر شتێکی وا رووبدات کەواتا شەڕی ئاخیری زەمانە و بارزانی نیازی خۆی بۆ راگەیاندنی دەوڵەت بۆ ئێران و هیچ لایەنێک نەشاردووەتەوە و ئەمەش بیرۆکەیەکە تەنیا دەیانەوێت بارزانی سەرقاڵ بکەن بەڵام تەنیا سەرقاڵییە و ناتوانن لە ئیرادەی بارزانی کەمبکەنەوە و ناتوانن پرۆژکەی لێ تێکبدەن".
هاوکات دکتۆر موراد حەکیم سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانی دراوسێ گوتی: "بێگومان ئەو دوو هێزە زیاتر لە ئێران نزیکن، بەڵام بە گشتی پێم وانیە مەبەستی ئێران تەنیا لێدانی پارتی بێت و ئێران نایەوێت بارودۆخی هەرێمی کوردستان تێکبچێت و ئێران پێی خۆشە هەموو هێزەکان بەشداربن نەک ئەوەی پارتی پێ لاواز بکات و ئێران ئامادەییەکی بەهێزی هەیە بەتایبەت لە زۆنی سەوز و نیلی، دەشێ لە پشت ئەو مەسەلەیە بێت بەڵام ئەوە ناگەیەنیت کە ئەو رێککەوتنە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگای کوردیدا نیە".
مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ سەبارەت بەم پرسە گوتی: "رۆڵی ئێران لە دەڤەری سلێمانی رۆڵێکی بەرچاوە و پەیوەندی یەکیتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆران لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی بەرچاوە و نکۆڵی لێناکرێت، بەڵام تا چەند ئێران کاریگەری هەبووە لەسەر ئەو رێککەوتنە، حەتمەن پێشتر جۆرێک لە پەیوەندی و هەماهەنگی هەبووە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسە جیاوازەکان دەکەن و هەڵوێستی گۆڕان و یەکێتی بۆ ئێران زۆر گرنگە بە تایبەت دەربارەی مامەڵەیان بۆ بەغدا".
ئەم رێککەوتنەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیی کوردسان لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراوە و بەشێک پێیان وایە ئەم رێککەوتننامەیە دژی لایەنێکی سیاسییە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە.
سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوە و گەشەپێدان سەرۆ قادر سەبارەت بەم پرسە گوتی: "دەبوو سەرکردایەتی یەکێتی زۆر خۆی ماندوو بکات و بەرچاوڕوونی بدات بە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر رێککەوتنەکەیان بەڵام ئەوە نەکرا، بۆیە جۆری رەفتاریان لە پرۆسەی رێککەوتنییان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان گومانی لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ نابێت پێشی رووداوەکان بکەوێت، بەڵام پێناچێت ئەو رێککەوتنە نیەتی باشی هەبێت، هەرچەندە ئەگەر هەر تەنگوچەڵەمەیک درووست بکەن تەنیا لە سنووری شارەوانی سلێمانی دەبێت چونکە بارودۆخی ئێستا بارودۆخی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو نیە و مانگی ئابیش نیە، بۆیە ئێستا نە پەرلەمان هەیە تا قسەی تێدا بکرێت و نە گۆڕان لەناو حکوومەتدایە تا تەنگوچەڵەمە دروست بکا و نە گۆڕانیش لە رۆژەڤدایە، بەڵکو پەراوێزخراوە و لە رووی سیاسییەوە لە گۆشەیەک کەوتووە ئەویش لە ئەنجامی هەڵوێستە خراپەکانییانە،چونکە ئاماژەیەکی زۆر روونە ئەو هێزە دەرەکی و نێودەوڵەتییانەی کە بایەخ بە کوردستان دەدەن ئەوا هیچ بایەخ بە گۆڕان نادەن بۆیە تەنیا خۆیان ماندوو دەکەن".
هاوکات دکتۆر موراد حەکیم گوتی: " ئەگەر لە ئاستی حزبایەتی سەیری بکەین وا لێکبدرێتەوە کە دژی پارتی یە، بەڵام ئەگەر لە ئاستێکی دیکەدا لێکی بدەینەوە ئەوا دەبینین خزمەت بە ئامانجەکانی پارتی دەکات و بارزانی داوای ریفراندۆم دەکات و داوای کوردستانێکی یەکگرتووی سەربەخۆ دەکات و داوای گەڕانەوەی ماددەی 140 دەکات و تا ئێستا ئەو دوو هێزە پاساویان دەهێنایەوە کە کەشوهەوا لەبار نیە".
دکتۆر موراد حەکیم گوتیشی: " جگە لەوەش بارودۆخی ئەو دوو لایەنە ئەوەی دەخواست وا بکەن چونکە ئەگەر ئەوەیان نەکردبا ئەوا لە کاروانەکە دوادەوکەوتن و سلێمانی لەماوەی رابردوودا لە بڕیاری سیاسیی دواکەوت و تا رادەیەک پشتگوێ خرا و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کێشەکانی ناوخۆیی پێ چارەسەر نەکرا و هاوکات بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی هیچ جموجۆڵێکی جەماوەری ئەنجامبدات و ئینجا بارزانی وەکو لیدەرێک دونیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و حکوومەت بەو هەموو قەیران و کێشەیە هێشتا بەردەوامە و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە مەسعود بارزانی دوو پرسی هێنایە پێش ئەویش مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و هەروەها مەسەلەی پڕۆسەی چاکسازی لە کاتێکا یەکێتی حزبێکی سۆشیال دیموکراتە و خۆی بە پێشکەوتنخوازی دەزانێت و بزووتنەوەی گۆڕانیش حزبێکە کە بانگەشەی لیبڕاڵ و نوێگەری دەکات، ئەو دوو حزبە بەو هەنگاوە بوێرانەی سەرۆکی هەرێم هەستییان کرد لە کاروانەکە دادەبڕین بۆیە ئەگەر لە کاتێکا ئەو دوو هەنگاوە جێبەجێکران، ئەوان خۆیان لە دواوە دەبین بۆیە دەیانەوێت شەریکی سەرۆکی هەرێم بن لە دروستکردنی دەوڵەت وسەربەخۆیی کوردستان".
دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ پێی وایە ئەم رێککەوتنە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان نیە و سەبارەت بەم پرسە گوتی: "ئەم رێککەوتنە لە دژی پارتی نیە و کاتی خۆشی لە دەباشان جۆرێک لە هاوبەشی هەبوو لە دیدە و بۆچوونیان، لەلایەکی دیکەوە بزووتنەوەی گۆران بەشێک بووە لە یەکێتی، ئەگەر ئێستاش یەکبگرنەوە ئینجا هێزیان بەقەد ئەو کاتە نابێت کە رێکەوتننامەیان لەگەڵ پارتی واژوو کرد".
پرسی پەرلەمان
سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوە و گەشەپێدان سەرۆ قادر سەبارەت بە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان گوتی: "ئەو پەرلەمانە کار ناکات و دەبێت لە پەرلەمانی داهاتوودا هەڵبژاردن بکرێتەوە چونکە هیچ هێزێک نیە لە دونیادا پارتی ناچار بکات کە پەرلەمان بەکاربکەوێتەوە".
دکتۆر موراد حەکیم پێی وایە ئەو رێککەوتنە هەنگاوێکە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و لەوبارەیەوە گوتی: "پێم وایە ئەوە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی پەرلەمان کارابکرێتەوە، ئەگەرێکی زۆر هەیە شاندێک پێکبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی دانووستاندن بکەن من پێم وایە کە هەم کێشەی پەرلەمان و هەم پرسی سەرۆکایەتی هەرێم چارەسەر بکرێت".
جێی ئاماژەیە دوای ململانێیەکی سیاسیی قووڵ لە نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، دواجار بە مەبەستی ئارامکردنەوەی بارودۆخی نێوانییان گەیشتنە واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک کە بریتییە لە 11 بەش و 25 ماددە.
news_share_descriptionsubscription_contact

