Sarmand Hameed
18 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2016
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، پێشوزای لە نێردراوی تایبەتیی ئاسایشی حكوومەتی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و ڕاوێژكاری سەربازیی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنەڕاڵ تۆم بەیكت و شاندێكی سەربازیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە جێگری سەرۆك وەزیران قوباد تاڵەبانی و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرسامیی خۆیان بەرامبەر نەبەردی و قارەمانیەتیی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش نیشان دا و بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكانی بەریتانیایان بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە دووپات كردەوە.
هەروەها جەختیان لەوە كردەوە كە بۆ ئەوان گرنگە لە نزیكەوە ئاگاداری دوا پێشهاتەكانی ڕەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بن و دووپاتیان كردەوە كە پێویستە هەماهەنگیی تەواو لە نێوان لایەنەكان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا هەبێت، بەتایبەتی لە شەڕی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵدا بۆ ئەوەی بتوانرێت باشترین و گەورەترین سەركەوتن بەسەر تیرۆردا بەدەست بهێنرێت، چونكە تیرۆر بۆ سەر هەموو جیهانی ئازاد هەڕەشەیە.
لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی بریتانیای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئێستا لە قۆناغێكی نوێی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدان و ئازادكردنی شاری مووسڵیش یەكێك لە هەنگاوە هەرە گرنگەكانی ئەو قۆناغەن، بەڵام پێویستە ئۆپەراسیۆنەكە بەپێی پلانێكی ڕێكوپێك و باش بێت و هەموو لایەك لەو پلانەدا ئەرك و بەرپرسیارییەتییان دیار بێت، هەنگاوی دواتریش ئەوەیە كە بە جددی دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە چۆن سەقامگیریی بۆ دەڤەرە ئازادكراوەكان بگەڕێنرێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد كە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بۆ هەرێمی كوردستان لە كارە هەرە لەپێشینەكانە چونكە هەڕەشەی تیرۆر بۆ هەموو لایەكە. بە پێویستیشی زانی بیر لە قۆناغی دوای داعش بكرێتەوە بەتایبەتی لە لایەنی دابینكردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی و ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان.
تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی دیكەی وەك پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و دوا پێشهاتەكانی ئەمنی و سیاسیی ناوچەكە و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناغی دوای تێكشكاندنی تیرۆرستانی داعش و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.