Ömer Faruk Yıldız
03 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2022
جنێڤ - AA
وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیهون بایرامۆڤ و هاوتا ئەرمەنییەکەی، ئارارات میرزۆیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مەرجەکانی رێککەوتننامەی ئاشتی نێوان هەردوو وڵات لە شاری جنێڤی سویسرا کۆبوونەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزیر دەستی پێکردووە.
پێشتریش لە ٣٠ی ئەیلوولدا، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆڵ پاشینیان لە میانی لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی، ئەوەی خستبووەڕوو کە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کۆبوونەوەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە دووی تشرینی یەکەمدا، ئەنجامدەدرێت.
هەر لەو لێدوانەدا پاشینیان، ئەوەشی ئاشکرا کردبوو کە ئامادەکاری بۆ رەشنووسی رێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان هەردوو وڵات دەکرێت.
بەڵام حکوومەتی ئازەربایجان دەربارەی کۆبوونەوەکە هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردبووەوە.