Dilşad Seyfeddin Ahmed
26 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2015
دوای خۆپیشاندان و گرژی و ئاڵۆزییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و سووتاندنی چەند بارەگایەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری ئەو پارێزگایەدا، پارتی گۆڕانی تۆمەتبار كرد بەوەی لە پشت خۆپیشانداكان و سووتاندنی بارەگاكانیەوەیەتی. ئەوەش كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی ئەو دوو لایەنە دروست كرد كە هەردوولا هاوبەشی پێكهێنانی كابینەی حكوومەت و پەرلەمانن، لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی 12ی ئەم مانگە لە بازگەی پردێ هێزەكانی ئەمنی رێگرییان كرد لەگەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان و وەفدێكی یاوەری بۆ شاری هەولێر.
هەمان رۆژ سەرۆكی پەرلەمان گەڕایەوە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان و لەو ساتەوە رۆژانە یوسف محەمەد لەم نووسینگەیە دەوام دەكات و لە ژوورێكی تایبەتی ئەو نووسینگەیەدا پێشوازی لە بەشێك لە پەرلەمانتاران و میوانانی دەكات و لەوێوە كاروبارەكان بەڕێدەكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ گۆڕان هەیانبوو بۆ پێكهێنانی حكوومەت و دابەشكردنی پۆستەكان لە نێویاندا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە بەر بزووتنەوەی گۆڕان كەوت و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو حزبە لە پەرلەمان كرایە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە كۆتا هاتووە و جارێكی تر ئەو پۆستانە نادەنەوە گۆڕان.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەمەد لە دیمانەیەكی ئانادۆڵو لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوە بابەتێكی یاساییە و بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان رێكخراوە و شەرعیەتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و وەزیرەكانی كابینەی حكوومەت لە پەرلەمانەوە وەرگیراوە و پەرلەمان خاوەن بڕیارە لەم بابەتەدا، جگە لە پەرلەمان سەرۆكوەزیرانیش مافی ئەوەی نییە دەست لەكاركێشانەوە بە وەزیرەكان بكات".
سەرۆكی پەرلەمان لە بارەی چۆنێتی گەڕانەوە بۆ پێش وادەی 12ی تشرینی یەكەم و رێگا چارەكانی ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە گوتی: "ئەو بارودۆخەی كە 12ی ئەم مانگە هێناویەتییە كایەوە پەردەی لەسەر كۆمەڵێك نۆڕمی شاراوە لە ململانێیەكانی سیاسیی هەڵدایەوە كە ئەوەیش ململانێیەكە لە ژێرەوە بوونی هەیە بۆ هێشتنەوەی ئەو هاوسەنگی هێزانەی لە دوای وەستانی شەڕی نێوخۆ لە هەرێم هاتۆتە كایەوە و دوو زۆنی لە هەرێم بەرهەمهێنا. هەر چارەسەرێك لە داهاتوودا پێویستە سێ هەنگاوی سەرەكی لە خۆ بگرێت (ئاسایكردنەوەی هەولێری پایتەخت، چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لەڕێگەی یاساییەوە، باشتركردنی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتییان و شەفافیەت لە داهات و دۆسیەی نەوتدا و رێكخستنەوەی ئەو دۆسیەیە).
دۆسیەی نەوت لە هەرێمی كوردستان نەك هەر نەبۆتە هۆی پەیداكردنی داهات بۆ مووچەی فەرمانبەران، بەڵكو بووەتە هۆی بڕینی ئەو داهاتەش كە لە بەغداوە بۆ مووچەی فەرمانبەران دەهات، بۆیە پێویست دەكات ئەو پرسە رێك بخرێتەوە".
یوسف محەمەد رەتی كردەوە كە وڵاتانی دراوسێ و لایەنی دەرەكی رۆڵیان هەبێت لە خۆپیشاندانەكان و گرژبوونی دۆخەكە و ئەو دەرەنجامەی لێی كەوتەوە، ئەو هۆكارەكانی بۆ هۆكاری نێوخۆیی و نەبوونی مووچە و خراپی گوزەرانی هاووڵاتییان و چەند هۆكارێكی دیكە گێڕایەوە.
لەهەمان كاتدا ئاماژە دەكات بەوەی لەلایەن لایەنەكانی نێوخۆ و لایەنەكانی سیاسیی و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەوڵ هەیە بۆ چارەسەركردن و ئاسایكردنەوەی دۆخەكە.لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە ئەو هەوڵانە نیوە چارەسەر دەبن ئەگەر قەیرانەكان چارەسەر نەكرێن.
سەبارەت بە هەڵوێستی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كە ماوەی زیاتر لە مانگێكە بەسەردان لە وڵاتی بەریتانیایە لەسەر دواین گۆڕانكارییەكانی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی حزبەكەی و پارتی و ئەو دۆخەی بەسەر سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان لە حكوومەت هاتووە.
سەرۆكی پەرلەمان لە وەڵامدا دەڵێت "پەیوەندی بەردەوام لەنێوان ئێمە و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەیە، بەڵام ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی كاری حزبی خۆمان و سیستمی حوكمڕانی كوردستان پێمان وایە كە پێویست دەكات دامەزراوە و دامودەزگا لە سیستمی حوكمڕانی دروست بكرێت، بەشێوەیەك كە رۆڵی تاك رۆڵێكی كاریگەر و كارا نەبێت لەسەر رۆڵی دامەزراوەكان، بۆیە دەمانەوێت ژیانی حزبی خۆمان بە دامەزراوەیی بكەین، لە هەمان كاتیش ژیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستانیش بە دامەزراوەیی بكەین".
یوسف محەمەد جەخت دەكاتەوە لەوەی لە پۆستەكەیدا بەشێوەیەكی یەكسان مامەڵەی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان كردووە، ئەو دەڵێت: "لە پەرلەمانی كوردستان و لە دەستپێكی كارەكانمان وامان كرد كارەكانی نێو پەرلەمان بەشێوەیەكی شەفافانە بڕوات و راگەیاندن بە تەواوەتی چاودێر بێت بەسەر كارەكانمانەوە، لە ڕێگەی راگەیاندنیشەوە هاووڵاتییانی كوردستان چاودێر بن بەسەر كاروبارەكانی پەرلەمانەوە. هەروەها كاروبارەكانی خۆمان بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان و یاساكانی بەركار لە هەرێمی كوردستان ئەنجاممداوە و هیچ پڕۆژەیەكی لایەنەكان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە نەهاتووەتە بەردەممان و رەتمان كردبێتەوە و نەمان خستبێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە".
لەگەڵ ئەوەی یوسف محەمەد تائێستا خۆی بەسەرۆكی شەرعی و هەڵبژێردراوی پەرلەمانی كوردستان دەزانێت و رۆژانە كاروبارەكانی لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستانەوە ئەنجام دەدات، لەهەمان كاتدا نایشارێتەوە كە تائێستاش رێگری لە گەڕانەوەی بۆ شاری هەولێر و چوونەوە تەلاری پەرلەمانی كوردستان هەیە.
یوسف محەمەد كە هەڵسوڕاوێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانە و پێشتر رێكخەری ژووری توێژینەوەی سیاسیی ئەو حزبە بووە، باس لەوە دەكات كە تا ئێستا هیچ بانگهێشتێكی رەسمی لەلایەن توركیاوە بەدەست نەگەیشتووە بۆ سەردانیكردنی ئەو وڵاتە. لەو بارەیەوە گوتی: "خۆشحاڵ دەبین كە پەیوەندییەكی دۆستانەمان لەگەڵ دەوڵەتێكی دراوسێی وەك توركیا هەبێت".
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆتایی دیمانەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو هیوای خواست دۆخی هەرێم بگەڕێتەوە سەر رێچكەی ئاسایی خۆی و گوتی: "خوازیارم هەرێمی كوردستان بچێتەوە سەر شارێگا راستەقینە و دیموكراسییەكە كە ململانێیەكانی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تەندروست دەڕوات و رێز لە جیاوازییەكانی یەكتر دەگرین و جیاوازییەكانی یەكتر ناسڕینەوە و بەشێوەیەكی تەندروست ململانێی یەكتر بكەین ".