Hemn Baban
26 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2015
ئەمڕۆ شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستانییان لە هەولێر كرد.
پیش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی ئەو حزبە سەعدی ئەحمەد پیرە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەو حزبە سەردانی بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستانییان لە شاری هەولێر كرد و لەلایەن بەرپرسی لق عەلی حوسێن و ژمارەیەك لە كادیرانی لقەكەوە پێشوازی كران.
پاش كۆبوونەوەیەكی نزیك لە نیو كاتژمێری كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەعدی پیرە و ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان عەلی حوسێن رێكخرا.
سەرەتای كۆنگرەكە سەعدی ئەحمەد پیرە باسی رایگەیاند كە هەرچەند بەشێكی سەردانەكەی بۆ سوپاسكردنی لقی دوو بووە لە بەشداریكردنییان لە پرسەی براكەیدا ئەوەشی گوت كە "هیچ دانیشتێكی كوردی بێ سیاسەت نابێت".
گوتیشی: "هەردوولا كۆكیین لەسەر ئەوەی هەر هەنگاوێك دەیهاوێژین دەبێت لە پێناو پاراستنی یەكڕیزی نەتەوەكەمان بێت، لە هەولێریش كار بۆ ئەوە بكەین كار بۆ خەڵك دابین بكرێت، ئومێد دەكەین ئەو سەردانەی هەرێم بۆ بەغدا بۆ دابینكردنی پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەگەڵ بەغدا و كۆتایی هێنان بە كێشەی مووچە بێت".
پیرە لەدرێژەی قسەكانیدا گوتی پشتیوانی نێودەوڵەتی و پارچەكانی دیكەی كوردستان بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، بەڵام پشتیوانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی و لە پەرلەمان و لە حكوومەت یەكجار زۆر گرنگە و هەموو لایەنەكەمان بەتایبەت پێویستە یەكێتی و پارتی كار لەسەر پتەوكتركردنی پەیوەندیی لەگەڵ جەماوەر و راكێشانی متمانەی جەماوەر بكەن.
ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان عەلی حوسێن لەوبارەیەوە گوتی لەسەر ئاستی هەموو كوردستان لایەنەكان پێویستییان بە هەماهەنگی و هاوكاری یەكتر هەبێت بەتایبەت لە هەولێر كە كونسوڵخانەكانی لێیە و چاوی دنیا و راگەیاندنی لێیە و سەنتەری بڕیاریشە.
گوتیشی: "پارتی و یەكێتی دوو حزبی سەرەكیین لە كوردستان و بە زۆر قۆناغ لە رابردوودا تێپەڕیوین و پێویستە لە هەنگاوەكانی ئێستاش و ئایندەش ئاگامان لەیەكتر بێت".
ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوەشكرد كە پێویستە كورد بۆ ئەگەرەكانی ئایندە خۆی ئامادەبكات و بەتایبەت لە چارەسەركردنی گرفتەكانی ناوخۆ و بە پێویستیشی زانی یەكێتی و پارتی هەماهەنگیی زیاتر بكەن.
ناوبراو لەبارەی دەستپێكردنی پارتی بە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بۆ راگەیاندنەكان گوتی" گفتوگۆكان دەستپێكراوە و مەرج نییە هەمووی لە راگەیاندنەكان باس بكرێت و كاك نێچیرڤان لەو ماوەیە سەردانی ئێرانی كرد و پاشان پشوو هەبوو، بۆیە سەردانەكەی بەغداش لە پێشە ئەگەر نەبێتە هۆكار ئەوا كۆبوونەوەكان لەو ماوەیەدا دەست پێبكات و هەوڵ دەدەین لەگەڵ هەموو لایەنەكان بگەینە سیغەیەكی هاوبەش".
لەبارەی پەیوەندیی پارتی و گۆڕانیش گوتی" ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێك رەت ناكەینەوە، ئێمە رێككەوتنی سیاسییمان لەگەڵ گۆڕان هەبوو، شیوازی مامەڵەی گۆڕان لەرابردوو بووە هۆی ئەوەی كە روویدا، ئەگەر گۆڕان لە سیاسەتی رابردووی پاشگەزببێتەوە ئەوا پارتیش هەڵوێستی دەبێت".