Hamit Hüseyin
26 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2015
بەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی كونسولی توركیا لە ھەرێمی كوردستان، سەرۆكی رێكخراوی مانگی سووری توركی و راوێژكاری رێكخراوی پەرەپێدانی ھاوكاری توركیا دووھەزار جانتا بەسەر قوتابیانی چەند قوتابخانەیەكی شاری ھەولێر دابەش كرا.
لە نێو ئەو جانتاییەی كە دابەش كران پێداویستی خوێندن ھەبوو و بەسەر چەند قوتابخانەیەكی خوێندنی كوردی، توركمانی و مەسیحی دابەش كران.
كونسولی توركیا محمەد ئاكیف گوتی: "ئەو كارە خێرخوازیە تەنیا بەشێكی بچووكی ھاوكارییەكانی ئەو دوو رێكخراوەیە و دواتر ئەگەر ھەر ھاوكارییەك لە قوتابخانەكان پێویست بێت ئێمە بەپێی توانای خۆمان ئامادەی ھاوكارییان بكەین و داواكارین كە قوتابیان بە باشی خوێندن تەواو بكەن و ئاواتەخوازین سەرجەم قوتابیان ببن بە گەنجی كارا و ئایندەیەکی باش بۆ خۆیان بنیات بنێن".
راوێژكاری رێكخراوی پەرەپێدانی ھاوكاری توركیا لە ھەرێمی كوردستان كامیل كۆلاباش دەستخوشی لە كار و چالاكییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو كرد لە ھەرێمی كوردستان و گوتی: "ئێمە سوپاسی سەركۆمار و سەرۆكوزیرانی توركیا دەكەین كە ھەموو جارێك ئاماژەیان بەوە كردووە كە بەبێ جیاوازی لە نێوان كورد، تورك، عەرەب و كریستیان خێرخوازییەكان بەردەوام بكەین و ئەو یارمەتییە كە بۆ دووهەزار كەس جانتامان ھێناوە زۆر نییە بەڵام ئەمە سەرەتاییەكە و لە داھاتوودا ئێمە بەردەوام دەبین لە یارمەتییەكانمان بۆ ھەرێمی كوردستان و كەركووك".