Heman Hussein Yaseen
11 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2019
هه‌ولێر - AA
ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوویه‌وه و دوای کۆبوونەوەكهش، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێم، جووتیار عادل، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا تیشكی خسته سه‌ر ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه و ئاشكراشیكرد، هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی ناوه‌ند كۆده‌بێته‌وه.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، جووتیار عادل رایگه‌یاند: ''لە کۆبوونەوەكه‌ی ئەمرۆدا چەند تەوەرێک گفتوگۆی له‌سه‌رکرا، چونكه هه‌فته‌ی رابردوو، له‌میانی گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، داواکرا ھەموو بەیەکەوە کاربکەین، و چەند لیژنەیک پێک‌بێت و گفتوگۆ لەگەڵ عیراق بەردەوام بێت، ھەروەھا داواكرا لەسەر بودجە و دۆسیەی نەوتیش گفتوگۆ بكرێت''.
جووتیار عادل ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا گفتوگۆ لەسەر بابه‌تی سەرژمێریی کراوه و رایگه‌یاند: ''لیژنەیەک پێکھاتووه بۆ ئەوەی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بابەتی سەرژمێریی بكات، ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە کە دەیەوێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێـت، ھەرێمی کوردستان نیازی رێككه‌وتنی لەگەڵ حکوومەتی عیراق هه‌یه. ئەو بابەتە لەکاتی ئێستادا بە بۆچوونی ئێمە رەتدەکرێتەوە چونکە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر رەوشی دیمۆگرافی ناوچە کوردستانییهكانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم گۆڕدراوه، بۆیە ئێستا لیژنە پێکھاتووە له وەزیری پلاندانانی ھەرێم و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری نێوان ھەولێر و بەغدا''.
سه‌باره‌ت به ته‌وه‌ره‌كانی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش گوتی: ''بابەتی پێویستییەکانی وەزارەتی پەروەردە تاوتوێ‌کران. وەزیری پەروەردە بە وردیی راپۆرتی پێشکەشكرد، چەند بریارێکیش درا وەک نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و دابینکردنی پێویستی قوتابیان و مامۆستایان. ھەروەھا چەند بڕیارێک بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەرچوون کە ھەمووی پەیوەستە بە بابەتی بودجەوە''.
گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند: ''لە کۆبوونەوەکەدا بریاردرا لەسەر دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ ھاووڵاتییان کە بڕه‌كه‌ی بریتییه له ٢٥٩ ملیۆن لیتر''.
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه هەفتەی داھاتووش لیژنەی وەزارەتی دارایی سەردانی بەغدا دەکات و حکوومەتی ھەرێم تێبینییەکانی لەبارەی بودجە دەداتە حكوومه‌تی ناوه‌ند.
به‌پێی گوته‌ی جووتیار عادل له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بابه‌تی باج گفتوگۆی لەسەر کراوه، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە سیسته‌می باجدا دەکات، کۆمەڵک بەند و ماددەی یاسای باج دەگۆڕێت و کێشەکانی په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته چارەسەر دەکرێت.
لەبارەی قەرزەکان له پشكی ھەرێمی كوردستان له‌لای حکوومەتی عیراق، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگه‌یاند:
''ئێمە ھەڵسەنگاندنمان کردووە بۆ ئەو شایستە داراییەی کە قەرزە، بریتییه له نزیكه‌ی ٨٠ ملیار دۆلار، كه قەرزی پێشمەرگەیە، دەبێت حکوومەتی عێراق بۆ هه‌رێمی کوردستانی بنێرێت، و ئه‌مه‌ش دەبێتە کارتی گفتوگۆی نێوانمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق. ئێستا زۆر دەنگ ھەیە لەناوەوه و دەرەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەی کە بودجە بەشێوازێکی دیکە دابڕێژرێتەوە. ئێمە بە یاسا کارپێکراوەکانی کوردستان و عێراق گفتوگۆ دەکەین. ئەوەشی پەیوەستە بە رادەستکردنی نەوت ئێمە وەک بڕە نەوت نایکەین، به‌ڵكو وەک بڕە پارە دەیکەین. ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی داراییە دەبێت یەکلاییبکرێتەوە. ئەوە مافی خەڵکی کوردستانە، و شتێکی سادە نییە. له‌كۆی ١٢ ترلیۆن تەنھا چوار تریلیۆنمان بۆ ده‌نێردرێت''.
جووتیار عادل سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان دوا و رایگه‌یاند: ''ئێمە لەگه‌ڵ ئەوەنین ھەڵبژاردن بكرێت لەو ناوچانەی ده‌كه‌وێته سنووری ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، چونكه گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه''.
گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌شه‌وه رایگه‌یاند: ''لەگەڵ بەغدا لەگفتوگۆداین چونکە نزیکەی هه‌شت ملیار دۆلار پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه بڕدراوه''.