ھەولێر - AA
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ نرخی ھەر بەرمیلێک نەوت کە ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتوویەتی ٢٥ دۆلار بووە، ئەو نرخە لە شەش مانگی دووەمی ھەمان ساڵ ٤٤ دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوت نزیک ٦٠ دۆلار بووە.
دوێنی سێشەممە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرتی دووەمی کۆمپانیای دیلۆیت (Deloitte)ی بۆ شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ بڵاوکردەوە کە چەندین زانیاریی لەبارەی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و بەکاربردنی نەوت و سووتەمەنییەکانی تیادایە.
دیلۆیت (Deloitte) کە کۆمپانیایەکی جیھانیی تایبەت بە وردبینی و راوێژکارییە کە وردبینی لە بەرھەمی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکات بەپێی گرێبەستێکی پێشوەختە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم و لە شوباتی ٢٠١٦ دەستی بەکارەکانی کردووە و لە ١٦ی کانووەمی دووەمی ئەمساڵ راپۆرتی یەکەمی بڵاوکردەوە کە تایبەت بوو بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو.
لە راگەیەندراوەکەی حکوومەتی ھەرێم لەبارەی راپۆرتی دووەمی ئەو کۆمپانیایەدا ھاتووە "ئەم داتا و زانیارییە نوێیانە کە لە لایەن (کۆمپانیای جیھانی دیلۆیت بۆ وردبینی و راوێژکاری) وردبینیکراوە وەک یەکێک لە چوار کۆمپانیا گەورەکانی دونیا، زانیاری گرنگ بە ژمارەی وردبینیکراو لەخۆدەگرێت دەربارەی بەرھەمھێنان، ھەناردەکردن، بەکاربردن و داھاتی نەوت لە ماوەی نێوان ١ی تەمموزی ٢٠١٧ تا ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧".
ھەروەھا ئەوەش ھاتووە کە ئەنجوومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز کاردەکات لە پێناو دەستەبەرکردنی راپۆرتی وردبینی دەوری لەسەر ئەو داتا و زانیارییانە بۆ بەردەم رای گشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەڕێگەی ھەردوو کۆمپانیای جیھانی (Deloitte) و (Ernst & Young)، ھەر لەم روانگەیەشەوە وا چاوەڕوان دەکرێت داتا و زانیارییەکانی دەرئەنجامی وردبینی ماوەی نێوان ١ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ تا ٣١ی ئاداری ٢٠١٨ لە مانگی ئابی ٢٠١٨دا ھاوشێوەی ھەردوو راپۆرتی شەش مانگی یەکەم و دووەمی ساڵی ٢٠١٧ بۆ رای گشتی بڵاوبکرێنەوە.
بەپێی بەدواداچوونی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت ئەوە دەردەکەوێت کە لە شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٧، واتە لە نێوان ١ی تەمووزی ئەو ساڵە تاوەکو ٣١ی کانوونی یەکەمی ھەمان ساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا بڕی ٩٠ ملیۆن و ٩٩٧ ھەزار و ٩١٤ بەرمیل نەوتی ھەناردە و بەکارھێناوە و ئەو ژمارەیەش بەمێشوەیە دابەش دەبێت، بەگشتی لەو ماوەیەدا بڕی ٨٦ ملیۆن و ٤٦٢ ھەزار و ٨٨٢ بەرمیل نەوتی خاوی ھەناردەکردووە کە ٨١ ملیۆن و ٥٤٨ ھەزار و ٩٧٢ بەرمیلییان لەڕێگەی بۆرییەوە بووە و ٤ ملیۆن و ٩١٣ ھەزار و ٩١٠ بەرمیلییان لەڕێگەی تانکەرەوە بووە.
ھەروەھا یەک ملیۆن و ٤٥٧ ھەزار و ٩٦٥ بەرمیلیش بۆ پاڵاوگەکانی نەوت نێردراون بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بپاڵێورین، ئەوا لە پاڵ فرۆشتنی بڕی ٦٦٤ ھەزار و ٢٢٠ بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی نەوت، ھەروەھا لەو راپۆرتەدا ھاتووە کە حکوومەتی ھەرێم بڕی ٦٢٥ ھەزار و ٧٥٦ بەرمیل نەوتیشی بۆ ناوخۆ بەرھەمھێناوە.
ھەر بەپێی زانیارییەکانی راپۆرتەکە حکوومەتی ھەرێم دوای جووڵەی نەوتی کۆگاکراو و لابردنی ئەو رێژە ئاوەی لە نەوتەکەدا ھەیە ئەو نەوتەی لەڕێگەی بۆرییەوە ھەناردەکراوە بڕی ٨١ ملیۆن و ٨٣٥ ھەزار و ٨٨١ بەرمیلی بووە و لە لایەن فرۆشیارانەوە گواستراوەتەوە و نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراویش بە ٤٤،٥٨٤ دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە و کۆی گشتی داھاتی بەدەست ھاتوو لێوە بریتی بووە لە ٣ ملیار و ٦٤٨ ملیۆن و ٥٩٢ ھەزار و ٤٠٦ دۆلاری ئەمریکی.
ھەرچی پەیوەستە بەنەوتی ھەناردەکراو لەڕێگەی تانکەرەوە ئەوا لە کۆی بڕی ئاماژەپێدراوی سەرەوە لە دوای جووڵەی نەوتی کۆگاکراو و لابردنی ئەو رێژە ئاوەی تیایدا ھەیە ، بڕی ٥ ملیۆن و ١٤٤ ھەزار و ٧٢٩ بەرمیل بووە کە نرخی ھەر بەرمیلێکی فرۆشراوی بە ٣٩،٨٨٣ دۆلار بووە و بڕی داھاتی بەدەستھاتوو لەم رێگەیەوە ٢٠٥ ملیۆن و ١٨٥ ھەزار و ٤٥١ دۆلاری ئەمریکی بووە.
لە راگەیەندراوەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی نەوتەوە ئەوەش ھاتووە کە ئەنجوومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز دووپاتی دەکاتەوە کە مافی گشت ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە زانیارییان ھەبێت دەربارەی ئەو ژمارە و داتایانەی سەبارەت بە بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و بەکارھێنانی ناوخۆیی و داھاتەکانی نەوت کە ئەمڕۆ پێشکەش کراون، بە تایبەتیش کە ئەو داتا و زانیارییە بڵاوکراوەنە بە شێوەیەکی فەرمی پشتڕاستکراونەتەوە لە لایەن کۆمپانیایەکی وردبینیی جیھانی، ئەمەش وەک بەشێک لە ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ برەودان بە شەفافیەت و لێپرسینەوە و حوکمڕانیی رەشید لە ھەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای دیلۆیت کە کۆمپانیایەکی جیھانییە بۆ وردبینی و راوێژکاری لە ساڵی ١٨٤٥ دامەزراوە، بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە شاری نیۆیۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، ٢٦٣ ھەزار و ٩٠٠ فەرمانبەری ھەبووە لە ساڵی ٢٠١٧دا، داھاتی ساڵانەی ئەو کۆمپانیاینە لە ساڵی ٢٠١٧ بریتی بووە لە ٣٨ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی دیلۆیت (Deloitte) کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە کۆی ئەو داھاتەی لە فرۆشتنی نەوتی خاو (لەڕێگەی بۆری و تانکەرەوە) لەماوەی شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ بەدەستھاتووە بریتی بووە لە ٣ ملیار و ٨٥٣ ملیۆن و ٧٧٧ ھەزار و ٨٥٧ دۆلاری ئەمریکی، لەو داھاتە بڕی ٦٢٤ ملیۆن و ٩٩٨ ھەزار و ٤٧٢ دۆلار بۆ شایستەی دارایی بەرھەمھێنەرانی نەوت تەرخانکراوە، ھەروەھا بڕی ٦٣٨ ملیۆن و ١٧٨ ھەزار و ٦٤٧ دۆلاری بەناوی خەرجییە گشتییەکانی دیکە تەرخانکراوە، ھەروەھا بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلاریش بۆ پارەدان بۆ پارێزگای کەرکووک بەرامبەر نەوتی گواستراوە لە کەرکووکەوە کە بە"پترۆ دۆلار" ناسراو تەرخانکراوە، ھەروەھا بڕی ١٤ ملیۆن و ٥٩٢ ھەزار و ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیش بۆ پارەدان بە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەرامبەر بە پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان تەرخانکراوە، ھاوکات حکوومەتی ھەرێم لە داھاتی نەوتیش بڕی ٥١٨ ملیۆن و ١٦٩ ھەزار و ١٢٧ دۆلاری بەناوی" پارەدان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لەڕیگەی ناوبژیوانی"ەوە تەرخانکردووە.
ھەر لەو راپۆرتەدا ئەوە ھاتووە کە بڕی پارەی وەرگیراوی پوخت کە لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە داھاتی نەوتی فرۆشراو بۆی ماوەتەوە بریتی بووە لە یەک ملیار و ٨١٥ ملیۆن و ٤١٠ ھەزار و ٦٦٩ دۆلاری ئەمریکی بووە، پارەدانی پێشەکیی نوێش لە لایەن کڕیارانەوە بەرامبەر بە فرۆشییەکانی داھاتوویان ١٨٣ ملیۆن و ٨٢٥ ھەزار و ٣٣٣ دۆلاری ئەمریکی بووە.
لە راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت (Deloitte) ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بریتی بووە لە ٧ ملیۆن و ٣٨٢ ھەزار و ٨٣١ بەرمیل نەوت کە مانگی پێش خۆی ١٢ ملیۆن و ٩٨٨ ھەزار و ٥٣٤ دۆلار بووە و بەو پێیە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کاریگەریی زۆریان لەسەر کەمبوونەوەی بڕی ھەناردەکراوی نەوت لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە ھەبووە.
لەبارەی ئەو خەرجییە گشتییانەی کە بۆ لایەنەکانی دیکە جگە لە بەرھەمھێنەران و کڕیارانی نەوت کە بەھاکەی ٦٣٨ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە و خەرجکراون بۆ ئەم لایانانەی خوارەوە خەرجکراون:
- ٢٣٣ ملیۆن و ٩٤٠ ھەزار و ٦١٥ دۆلاری ئەمریکی لەبەرامبەر باجی گومرکی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی.
- ١٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ دانەوەی قەرزەکانی ھەریەک لە کۆمپانیاکانی وزەی تورکی و کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوتی تورکی.
- ٧ ملیۆن و ٣١٥ ھەزار و ٩٢٤ دۆلار بۆ دانەوەی قەرزی پارەدارکردنی ھەناردەکردن بە بەریتانیا بۆ پڕۆژەیەکی وەزارەتی شارەوانی.
- ٧٧ ملیۆن دۆلار بۆ فراوانکردنی بۆرییەکانی نەوت.
- ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای ماس گڵۆبال بۆ بەرهەمھێنانی کارەبا بۆ ھەرێمی کوردستان.
- ٥٤ ملیۆن و ٧٨٢ ھەزار و ١٠٧ دۆلار بەرامبەر بە کڕینی سووتەمەنی کڕدراو بۆ وەزارەتی کارەبا بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا.
- ٤ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار دۆلار بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی پڕۆژەی دیکەی وەزارەتی شارەوانی.
ھەرچی پەیوەستە بە بەراورکردن لە نێوان راپۆرتی یەکەمی دیلۆیت (Deloitte) کە لە ١٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڵاویکردەوە و تایبەت بوو بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ و راپۆرتی دووەم و ئێستای جیاوازی زۆر لە ژمارەکان دەبینرێت کە پەیوەستن بە بەرھەمھێنان و داھاتی نەوتەوە.
لەدرێژەی بەدواداچوونی ئاژانسی ئانادۆڵو و بەراوردکردنی راپۆرتی یەکەم و دووەمی دیلیۆت بۆ ساڵی ٢٠١٧ ئەوا دەردەکەوێت کە لە راپۆرتی یەکەمی پەیوەست بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ ئەوە دەبینرێت کە ھەرێم لەو شەش مانگەدا بڕی ١١٠ ملیۆن و ٨٥٢ ھەزار و ٢٧٦ بەرمیل نەوتی ھەناردەی دەرەوە کردووە و بەکارھێناوە بۆ ناوخۆی ھەرێم، کەچی ئەم ژمارەیە لەشەش مانگی دووەمی ئەو ساڵە بۆ ٩٠ ملیۆن و ٩٩٧ ھەزار و ٩١٤ بەرمیل دابەزیوە.
ھەروەھا لە شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ بڕی نەوتی ھەناردەکراو لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ دەرەوە بریتی بووە لە ٨١ ملیۆن و ٥٤٨ ھەزار و ٩٧٢ بەرمیل، کەچی ئەو بڕە لە نیوەی یەکەمی ئەو ساڵە بریتی بووە لە ٩٥ ملیۆن و ٨١٢ ھەزار و ٧٥٥ بەرمیل نەوت، کۆی ئەو نەوتەشی کە لەڕێگەی تانکەرەوە ھەناردەی دەرەوە کراوە لە راپۆرتی یەکەمدا ٤ ملیۆن و ٨٧٨ ھەزار و ٨٨٧ بەرمیل بووە، کەچی لە شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو ئەو بڕە ٤ ملیۆن و ٩١٣ ھەزار و ٩١٠ بەرمیل بووە.
ھەرچی کۆی نەوتی خاوی فرۆشراوە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ بڕی ٤ ملیار و ٦٩ ملیۆن و ٦٣٤ ھەزار و ٣٣٧ دۆلاری لێ بەدەست ھاتووە کە دوای لێ دەرھێنان و پارەدان و خەرجییەکانی کۆمپانیاکان و خەرجیی دیکە بڕی ٢ ملیار و٧٦ ملیۆن و ١٠٢ ھەزار و ٥٤٢ دۆلاری وەکو داھاتی پوخت بۆ حکوومەتی ھەرێم ماوە، ھەرچی کۆی نەوتی خاوی فرۆشراوە لە شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٧یە ئەوا ٣ ملیار ٨٥٣ ملیۆن و ٧٧٧ ھەزار و ٨٥٧ دۆلاری لێ بەدەستھاتووە کە دوای لێ دەرھێنانی خەرجییەکان و شایستەی دارایی و خەرجی دیکە بڕی یەک ملیار و ٨١٥ ملیۆن و ٤١٠ ھەزار و ٦٦٩ دۆلاری لێ ماوەتەوە وەکو داھاتی پوخت بۆ حکوومەتی ھەرێم.
news_share_descriptionsubscription_contact



