Abdullah Shukur
01 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2018
قودس - AA
ئیسرائیل چاپۆشی لە سکاڵای ھاووڵاتیانی فەڵەستینی لە دژی پێشێڵکارییەکانی سەربازانی ئیسرائیلی لە دوای ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە مانگی تەمووزی ٢٠١٤ دەکات.
بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی ھا یۆمی ئیسرائیلی، ھاووڵاتیانی فەڵەستینی لە غەززە نزیکەی ٥٠٠ سکاڵایان لەسەر سەربازانی ئیسرائیلی بەھۆی پێشێڵکردنی مافەکانی نێودەوڵەتی لە کۆمیسیۆنێکی تایبەت بە ئیدارەی تەلئەبیب تۆمار کردووە.
ئەو کۆمسیۆنە تایبەتە لەلایەن ئیسرائیل بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکان پێکھێنراوە و تا ئێستاش تەنھا ٣٠ سکاڵا قبوڵکراوە.
لەو ٣٠ سکاڵایەی تۆمارکراوە، ٢٦یان بێ ئەوەی رەوانەی دادگا بکرێن داخراون و ئەو چوار سکاڵایەی کە ماوەتەوە چەندین ساڵه ھیچ بڕیارێکی لەسەر نەدراوە.
ئەوەش زانراوە کە زۆربەی ئەو سکاڵایانەی تۆمار کراون، لە دوای ھێرشی سوپای ئیسرائیل لە ١ی ئابی ٢٠١٤ بۆ سەر شاری رەفهحی کەرتی غەززە و کوژرانی ١٥٠ فەڵەستینی دێت.
لە ئەنجامی ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ٧ی تەمووزی ٢٠١٤ دوو ھەزار و ١٥٨ فەڵەستینی شەھیدبوون، کە ٥٥١ی منداڵ بوون و زیاتر لە ١١ ھەزار کەسیش برینداربوون.