هەولێر
ئەندامی پەرلەمان و گوتەبێژی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان محەمەد عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەستووری هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان دەرنەچووە تا بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، پێویستە لیژنەیەكی پسپۆڕ ئەو مادانەی پێویست بكات دابڕێژێت، دواتر خەڵكی كوردستان دەنگی لەسەر دەدەن ئیتر ئەمە شتێك نییە بێتە پەرلەمان بەپێچەوانەوە پەرلەمان دەتوانێ داوا بكات پرۆژەیەك ئامادە بكات بۆ پرسی دەستوور."
عەلی باسی لەوەشكرد وەك فراكسیۆنی زەرد پرۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان پرسێكی گرنگە بەلایانەوە، پێویستە ئەم پرسە بەزووترین كات یەكلایی بكرێتەوە و بەپێویستی دەزانن كار لەسەر پرۆژە دەستوور بكرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان، دەنگی لەسەر بدەن.
گوتەبێژی فراكسیۆنی زەرد لەپەرلەمانی كوردستان كەخاوەنی 38 كورسی پەرلەمانن رەخنەی لە هەندی لایەنی سیاسی هەرێم گرت لەبارەی پرسی دەستوور.
محەمەد عەلی بۆ ئانادۆڵو دەڵێ: "ئەو شێوازەی كە ئێستا هەندێ لایەن پێیانوایە دەبێ پرۆژە دەستووری هەرێم بگەڕێتەوە، بۆ پەرلەمان وەكو فراكسیۆنی زەرد ئەمە رەتدەكەینەوە و لەگەڵی نین، چونكە پەرلەمان ئەو شوێنە نییە كۆتایی لەسەر دەستوور بدات، بەڵكو ئەوە خەڵكە یەكلایی دەكاتەوە."
سەبارەت بە یەكلایكردنەوەی پرسی دەستووری هەرێم پێش كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم. محەمەد عەلی گوتی: "بابەتەكە پەیوەندیدارەو پەیوەندیداریش نییە بەڵام ئەوەی بەلای ئیمەوەگرنگە پێویستە پرسی دەستوور چارەسەر بكەین بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە دەربازی ببێت".