دیاربەکر
جەبار لایگارا کە یەکێکە لە پیاوانی کاری دیاربەکر دەڵێ کە ئێستا قۆناغێکی هەستیارە بۆ گەلانی تورکیا و رایدەگەیەنێ، کە یەکەم جارە سەرکۆمار لە لایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێ.
لایگارا باس لەوە دەکا کە کۆمەڵگە پێویستی بە کاندیدێکە لە ژێر سایەی دیموکراسی و لە پێناو ئاشتیدا کاربکا و دەڵێ، دەمیرتاش بە بانگەوازی بۆ ژیانێکی نوێ و کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرکۆماریی، وەڵامی کۆمەڵگەی داوەتەوە.
لایگارا پێیوایە کە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی دەمیرتاش لە روی مادی و لە لایەن کەناڵەکەکانی پەیوەندی گشتییەوە بە شێوەیەکی "نادادپەروەرانە" دەستی پێکردووە، هاوکات ئاماژە بە نایەکسانی دۆخەکە دەکا لە نێوان کاندیدەکاندا و دەڵێ: "بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتگیری مادی و مەعنەوی بۆ دەمیرتاش، کۆبوونەتەوە."
لە سەرەتای کەمپینەکەدا هەرکەسەو ئابوونەوەی تایبەت دەخاتە سەر ئەو حیسابە بانکییەی کە بۆ کۆمەککردنی دەمیرتاش کراوەتەوە، تا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەدا بەکار بهێنرێ.
لە بەشێکی قسەکانیدا لایگارا گوتی: "پشتگیریمان بۆ بەرەپێشچوونی دیموکراسی و چارەسەرکردنی کێشەی کوردە بە رێگەیەکی ئاشتییانە جگە لە چەک. بۆ پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانەی گەلانە لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی، بۆ دەستورێکی پارێزەری ئازادییەکان و مافی کۆمەڵایەتی و پەیڕەوکەری یەکسانییە. هاوکات بۆ ئازادی خویندن و نووسینە بە زمانی دایک. بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی برایەتییە بە شێوەیەکی یەکسان، بۆ دیموکراسی راستەقینە و ئاشتییە بۆ تورکیا."
ناوبراو داوای لە سەرجەم خاوەنکاران کرد پشتگیری مادی و مەعنەوی دەمیرتاش بکەن.
یەکێکی دیکە لە پیاوانی کار بە ناوی محەمەد کایا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا دەربارەی ئەوەی ئایە هیچ ئامانجێکیان هەیە لە پشت کۆمەکی دارایی بۆ ئەو کاندیدە، ناوبراو رایگەیاند کە ئەوان وەک دامەزراوە پشتگیری مادییان پێشکەش نەکردووە.
کایا ئاماژەی بەوە کرد کە پشتگیرییە مادییەکان لەسەر ئاستی کەسیی دەبێ و سنووردار کراوە تا نۆ هەزار، راشیگەیاند کە ئامانجیان ئەوەیە ئەو پشتگیرییە مادییە بگەیەننە دوو ملیۆن لیرە.