Zana Natık Kerem
21 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2016
وەزیری كارەبای حكوومەتی عێراق، قاسم فەهداوی ئاماری كۆتایی قوربانیانی ئەو هێرشەی كە تیرۆریستانی داعش كردیانە سەر وێستگەی كارەبای قەزای دووبز سەربە شاری كەركووك راگەیاند و گوتی: "بەپێی ئاماری كۆتایی كە گەیشتووەتە دەستمان، 34 كەس كوژراون و بریندار بوونە كە لەناویاندا شارەزایی ئێرانی هەیە".
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش لەچەند لایەكەوە بەجیا هێرشیان كردە سەر ژمارەیەك باڵەخانەی حكوومی لە شاری كەركووك لەوانە، "بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس، بنكەی پۆلیسی عەدالە، بنكەی پۆلیسی دۆمیز، بارەگایەکی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وێستگەی كارەبای دووبز".
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو فەهداوی ئاگایی لەو هێرشە راگەیاند كە بەیانی ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش كردیانە سەر وێستگەی كارەبای دووبز سەربە شاری كەركووك و گوتی: "بەپێی ئەو ئامار و زانیارییانە كە بەدەستمان گەیشتووە، لەكاتی هێرشەكە بۆ سەر وێستگەی كارەبای دووبز، تیرۆریستانی داعش هەشت فەرمانبەری ژووری كۆنترۆڵكردنی وێستگەیان لەسێدارەداوە و هەروەها چوار شارەزایی ئێرانیشیان كوشتووە كە لەناو وێستگەكە كاریان دەكرد".
فەهداوی هەروەها گوتیشی: "هەر لەو هێرشەدا 22 فەرمانبەر و پاسەوانی وێستگەكە بریندار بوون".
وەزیری كارەبای عێراق زانیاری زیاتر لەسەر هێرشەكە باس كرد و رایگەیاند: "تیرۆریستانی داعش بە بۆمبی دەستی ژووری كۆنترۆڵكردنی وێستگەی كارەباكەیان تەقاندووەتەوە كە بەهۆیەوە كاركردن لە وێستگەكە وەستاوە بەڵام ئێمە كەرەستە و كەلوپەلی پێویستمان رەوانەی وێستگەكە كردووە بۆ ئەوەی بخرێتەوە كار".
قاسم فەهداوی دەشڵێت: "سەرجەم وێستگەكانی كارەبا لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە خراوەنەتە باری لەناكاو و رێوشوێنی ئەمنی توند لە دەوروبەریان گیراونەتە بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ئەو وێستگە كارەبایانە بگیرێت.
هاوكات شانەی راگەیاندنی جەنگی سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەكدا پشتڕاستی كردەوە، پێنج شوێنی ئەمنی لەلایەن هێزەكانی ئەمنییەوە كۆنترۆڵكرانەوە كە تیرۆریستانی داعش لە شاری كەركووك هێرشیان كردبووە سەریان.
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت، رێبوار تاڵەبانی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا شەڕ و پێكدادانی هێزەكانی ئەمنی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە ناو شاری كەركووك بەردەوامە و ژمارەیەك قەناس بەدەستی تیرۆریستانی داعش خۆیان لەناو ژمارەیەك بیاندا خۆیان حەشارداوە".
پێشتریش سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ناو شاری كەركووك بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، دوو تیرۆریستی خۆكوژی داعش لە ناو وێستگەی كارەبای دووبزدا،خۆیان تەقاندووەتەوە كە بەهۆیەوە 13 فەرمانبەری وێستگەكە كوژراون بەڵام وەزیری كارەبای عێراق رایگەیاندووە كە ژمارەی كوژراوەكانی هێرشەكە 12 كەسە.