Betül Yürük
14 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2015
ڤیەننا
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کێری رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکانی سووریادا پشتگیری خودی سوورییەکان بۆ خۆبەڕێوەبردن لە ماوەی شەش مانگدا دەکەین. رەشنووسی دەستوورێکی نوێ ئامادە دەکەین و رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لە ماوەی ١٨ مانگدا. ھاوکات کام لایەن تیرۆریست و کامی ئۆپۆزسیۆنە دیاری دەکرێت و ئاگربەستێکیش لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان پەیڕەو دەکرێت".
بە دەسپێشخەری ھاوبەشی ئەمریکا و رووسیا بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ شەڕی نێوخۆی سووریا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆبوونەوەکان بە بەشداری ١٧ وڵات و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و کۆمکاری عەرەبی بەڕێوە چوو، پاشان کێری، وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرجی لاڤرۆڤ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، ستیڤان دیمستورا کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
کێری لەبارەی ھێرشەکانی پاریس رایگەیاند ئەمریکا پاڵپشتی خۆی بۆ فەڕەنسا دووپات دەکاتەوە و لە پێناو لەناوبردنی رێکخراوەکانی تیرۆریستی لە سەرتاپای جیھان ئەوەی لەدەستیان بێت دەیکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا هەتا رێگری لە توندوتیژی و چالاکییەکانی تیرۆریستی داعش نەگیرێت ناتوانرێت شکستی پێ بھێنرێت و لەبارەی چارەنووسی ئەسەد روونی کردەوە تاوەکو ئێستا جیاوازی بۆچوون لە نێوان لایەنەکاندا ھەیە بەڵام لە کۆبوونەوەکان بەروارد بە دوو ھەفتەی لەمەوبەر پێشوەچوونی زۆری بەخۆوە بینیووە.
کێری جەختیشی کردەوە پێویستە سوورییەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدەن و گوتیشی: "رێککەوتین لەسەر دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان رژێمی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە دەستپێشخەری نەتەوە یەکگرتووەکان. لە کۆبوونەوەکانی سووریادا پشتگیری خودی سوورییەکان بۆ خۆبەڕێوەبردن لە ماوەی شەش مانگدا دەکەین. رەشنووسی دەستوورێکی نوێ ئامادە دەکەین و رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لە ماوەی ١٨ مانگدا. ھاوکات کام لایەن تیرۆریست و کامی ئۆپۆزسیۆنە دیاری دەکرێت و ئاگربەستێکیش لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان پەیڕەو دەکرێت. داعش و ئەلنوسرە بێگومان لە نێو لیستی تیرۆر دەبن".