Ayhan Şimşek
31 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2015
ڤیەننا
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، لۆرێنت فابیۆس دوای کۆبوونەوەکانی ڤیەننای تایبەت بە رەوشی سووریا روونکردنەوەیەکی دا و بەشار ئەسەدی بە کۆمەلکوژییەکانی سووریا تۆمەتبار کرد و رایگەیاند پێویستە ئەسەد واز لە دەسەڵات بھێنێت.
فابیۆس گوتی: "کوژرانی سەدان ھەزار و ئاوارەبوونی ملێۆنەھا ھاووڵاتی سووریا کارەساتێکی راستەقینەیە و بەشار ئەسەد بەرپرسیاری سەرەکی ئەم کارەساتەیە".
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بە گرنگی بەشداربوونی گشت ئەو وڵاتە کرد لە کۆبوونەوەکە رۆڵیان ھەیە و راشیگەیاند کە کۆبوونەوەکان نزیکەی ھەشت سەعاتی خایاندووە و چەندین بابەت خراوەتە بەرباس.
گوتیشی: "لە ھەندێک بابەتەکان جیاواز بیر دەکەینەوە بە تایبەتی لە داھاتووی بەشار ئەسەد. ئێمە لەو باوەڕەداین ئەسەد لە داھاتووی سووریا شوێنی نییە. بەڵام ھەندێک لە وڵاتان بە تایبەتی ئێران جیاواز بیر دەکاتەوە. بەڵام لە ھەندێک بابەتیش کۆک بووین. لە بابەتەکانی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەڵبژاردن، حکوومەتی نوێ و دەستوور لە سووریا بەرەوپێشچوون ھاتە ئاراوە. لەو بابەتانەدا بۆچوونی ھاوبەش ھاتە ئاراوە کە لە بەیاننماکە باس دەکرێت".
فابیۆس جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە لایەنەکان درێژە بە ھەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی سیاسی لە سووریا بدەن و گوتیشی: "بڕیارمان دا دوای دوو ھەفتەی دیکە بە ھەمان شێوە کۆبینەوە".
سەرچاوەکانی دیپلۆماسی ئاماژە بەوە دەکەن کە شوێن و کاتی ئەو کۆبوونەوەیەی وا بڕیارە دوای دوو ھەفتەی دیکە ئەنجام بدرێت، جارێ دیاری نەکراوە.