Muhammet Ali Kemal
22 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2016
سکرتێری گشتیی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت، ئۆپێک (OPEC)، عەبدوڵڵا بەدری ئاماژەی بەوە کرد کە پێشنیازی جێگرکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆبوونەوەکەی ١٧ی نیسانی داهاتوودا تاوتوێ دەکریت کە بڕیارە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەرێوەبچێت.
بەدری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە كۆبوونەوەی دایالۆگ سەبارەت بە وزە لە نێوان ئۆپێك و یەكێتیی ئەورووپادا رایگەیاند "بۆ كۆبوونەوەكەی رۆژی ١٧ی نیسانی داهاتوو داوەتنامەیان بۆ هەموو وڵاتانی ئەندام ناردووە بەڵام هێشتا نازانن كە ئێران بەشداریی لە كۆبوونەوەكەدا دەكات یان نا".
سكرتێری گشتیی ئۆپێك ئاماژەی بەوەشكرد كە ئێران سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت ژمارەیەك مەرجی هەیە و بڕیاری بەشداریكردنیان لە كۆبوونەوەكەدا بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە و گوتی: ''ئەوە روون دەبێتەوە كە كێ وەڵامی داوەتنامەكان دەداتەوە و كێ وەڵامیان ناداتەوە. بەڵام من هیوای ئەوە دەخوازم كە كۆبوونەوەیەكی سەركەوتوو ئەنجام بدەین''.
بەدری نەیشاردەوە كە كۆبوونەوەكە لەلایەن ئۆپێكەوە نا، بەڵكو لەلایەن ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەندامەوە رێكخراوە و چاوەڕوان دەكەن ١٥ بۆ ١٦ وڵات بەشداریی تێدا بكەن.
عەبدوڵڵا بەدری جەختی لەوەكردەوە كە ئەگەرچی تەنانەت ئێرانیش بەشداریی لە رێككەوتنی جێگیركردنی بەرهەمهێنانی نەوتدا نەكات، ئەوان ئومێدەوارن كە ''تا ئاستێك'' نرخی نەوت بەرزببێتەوە دوای ئەو دابەزینەی كە بەخۆیەوە بینیویەتی.
هەریەك لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك سعوودیە، فەنزوێلا، قەتەر و رووسیا رۆژی ١٦ی شوباتی رابردوو باسی ئەوەیان هێنابووە رۆژەڤ كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاستی مانگی كانوونی دووەمی رابردوودا بووەستێنرێت بۆ تاوتوێكردنی ئەو بابەتەش داوای رێكخستنی كۆبوونەوەیەكیان كردبوو، بەڵام ئێران بە هۆی ئەوەی پێشنیازەكەی بە ''ناعەقڵانی'' زانیبوو، رەتیكردبوویەوە.