Aşkın Kıyağan
03 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2020
ڤیەننا - AA
لە هێرشێکی تیرۆریستییدا، لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دوو کەس کوژران.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی نەمسا، هارالد سۆرۆس، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نەمسا، باسی لەوە کرد کە لەو هێرشەدا دوو کەس کوژراون.
سۆرۆس باسی لەوە کرد کە لەکاتی پێکدادانەکەدا هاووڵاتیەکی مەدەنی و یەکێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی دەزگای تەندروستیی ڤیەننا، کریستۆف مێراو، ئاماژەی بەوە کرد کە لەو هێرشەدا ١٥ کەس برینداربوون کە برینی حەوتیان سەختە.
- ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار هەن
وەزیری ناوخۆی نەمسا، کارل نیهامەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، دوایین پێشهاتەکانی لەبارەی هێرشە تیرۆریستیەکە خستەڕوو.
نیهامەر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە نەمسا یەکێک لە سەخترین رۆژەکانی بەسەر هاتووە و، رایگەیاند: ''بە داخەوە ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار هەن. لە هەڵمەتی فیداکاری یەکە تایبەتەکانماندا یەکێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە لەچالاکی خراوە. بە پێی دواین زانیارییەکانی ئێستا، یەکێکی دیکە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە هەڵاتووە''.
نیهامەر هۆشداری دووپاتکردەوە کە ئەگەر زۆر پێویست نەبوو هاووڵاتیان لە ماڵەکانیاندا نەچنەدەرەوە و، خۆیان بە دوور بگرن لە ڤیەننای یەکەم کە هێرشەکەی تێدا رووداوە و، داواشی کرد منداڵان نەنێردرێنەوە بۆ قوتابخانە.