نەمسا
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ نەمسا دوای پێشوازیكردنی لە لایەن سەركۆماری نەمسا هانز فیشێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانیان دایەوە.
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە بارەی ئەو سەردانەی بۆ نەمسا گوتی: "پێش ئەوەی ھانز فیشەر ببێتە سەركۆمار، دۆستی ئێمەیە، زیاتر لە ٣٠ ساڵە دۆستین، بۆیە ئەم سەردانە سەردانی دۆست بۆ لای دۆستە."
مەسعود بارزانی هەروەها گوتی: "چاوپێكەوتنەكەمان زۆر دۆستانە بوو، لە بارەی چەندین پرس و بابەتی گرنگ و رەوشی ناوچەكە و جیھانەوە گفتوگۆمان كرد، بیروڕاكانمان لە یەكتر نزیكن."
لە بارەی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گوتی: "ئێستا حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی دانووستان و گفتوگۆن و ھیوادارم بتوانن لە رێگەی گفتوگۆوە كێشەكان چارەسەر بكەن."
لە بارەی پرسی وزەش بارزانی گوتی: "دەستووری عێراقی فیدراڵ چۆنێتی ھەڵسوكەوتكردنی لەگەڵ وزە ئاشكرا كردووە، ئێمە وەك حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەدا ھەڵسوكەوت دەكەین و بە ھیچ شێوەیەك سازش لە سەر مافە دەستوورییەكانی خۆمان ناكەین."