Mazın Asad
14 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2018
مۆسکۆ/ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند "لە ١٩ی ئەم مانگە دیدارێکم لە واشنتۆن ھەبوو، بەڵام ئێستا بە ھۆی ئەوەی رێکس تیلەرسن لە پۆستەکەی نەماوە ئەم کۆبوونەوەیە دوادەکەوێت. پەیوەندیمان ھەیە بۆ ئەوەی چی بکەین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لەچوارچێوەی شەشەمین کۆبوونەوەی گرووپی پلاندانانی ستراتیجی ھاوبەشی تورکیا-رووسیا لە شاری مۆسکۆ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا لە قۆناغی ئاستانا چاودێر بووە و ئاگاداری پێشھاتەکان بوو و گوتی: "بەڵام لە قۆناغی ئاستانادا لەگەڵ ئەمریکا ھیچ میکانزمێکمان نەبووە. لەبارەی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە منبج و ئەو شوێنانەی یەپەگە کۆنترۆڵی کردوون و دەرچوونی یەپەگە لەم شوێنانە بۆچوونێک ھەیە و لەوبارەیەوە گفتوگۆکانمان درێژەی ھەیە".
مەولود چاوشئۆغڵو روونیکردەوە کە گرووپی کار لە نێوان ئەمریکا و تورکیا پێکھێنراوە و رایگەیاند کۆبوونەوەی گرووپەکە ھەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: "لە ١٩ی ئەم مانگە دیدارێکم لە واشنتۆن ھەبوو، بەڵام ئێستا بە ھۆی ئەوەی رێکس تیلەرسن لە پۆستەکەی نەماوە ئەم کۆبوونەوەیە دوادەکەوێت. پەیوەندیمان ھەیە بۆ ئەوەی چی بکەین".
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە لە پێناو ھێنانەدی سەقامگیری بۆ ناوچەکانی رۆژھەڵاتی فورات رەنگە ھەنگاو بنێنن و گوتی: "بەڵام سەرەتا پێویستە ببینن کە ئەمریکا چەند متمانەپێکراوە لەبارەی منبج و چۆن بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات. چونکە پێشتر چەندین بەڵێنی دابوو و بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەوە چەکی بە رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە/پەکەکە دا".
هاوکات وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی ئەو ھەواڵانەی کە باس لە دامەزراندنی بنکەیەکی ئاسمانی ئەمریکا دەکەن لە سووریا، گوتی: "دەزانین ئەمریکا ھەوڵی دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی لە سووریا دەدات. دڵنیام لەوەی دەیانەوێت رێگە بۆ دابەشبوونی ئەو وڵاتە خۆش بکەن و ئەمەش بە شێوازی جیاواز ئەنجام دەدەن. ئامادەکاری بۆ چەند کاری تێکدەرانە دەکەن".
سێرگی لاڤرۆڤ راشیگەیاند، ئەمریکا نەک بە قسە بەڵکو پێویستە بە کردار بیسەلمێنێت کە بەردەوام رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگرێت.