Hemin Hüseyin
29 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2018
هەولێر-AA
ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە لە تیایدا رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی تایبەتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.
ئەنجوومەنی کۆمسیاران ئاماژەی بەوەکردووە کە هێزەکانی پۆلیس و زێرەڤانی و ئاسایش بە شێوەیەکی باش بەشداری پڕۆسەکەیان کردووە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بەشداریکردنی دەنگدانی تایبەت بەم شێوەیە بووە کە لە پارێزگای هەولێر ٦٧ هەزار و ٤١٣ کەس بووە کە دەکاتە سەدا ٩٢.٧ و لە پارێزگای سلێمانیش ٥٥ هەزار و ٥٨٠ کەس کە دەکاتە سەدا ٨٩.٣ و لە پاریزگای دهۆکیش ٣١ هەزار و ٢٩٤ کەس کە دەکاتە سەدا ٩٣.٦ و لە پارێزگای هەڵەبجە ٢ هەزار و ٢٧ کەس کە دەکاتە سەدا ٩٣.١".
هەر لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆی گشتی بەشداربووان ١٥٦ هەزار و ٣١٤ کەس بووە کە دەکاتە سەدا ٩١.٩٦ دەنگدەر.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سوپاسی کارمەندانی کۆمیسیۆنی کردووە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بەدواداچوون سەرجەم ئەو سکاڵایانە دەکەن کە پێشکەشی کۆمیسیۆن کراون و بەپێی یاسا و رێککارەکانی کۆمیسیۆن مامەلە لەگەڵ ئەو سکاڵایانەدا دەکەن.
دوێنێ هەینی، ٢٨/٩/٢٠١٨ پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو کەتیایدا بەپێی لێدوانە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن سەدا ٩١.٩٦ دەنگدەر بەشدارییان کردووە و بڕیاریشە سبەی یەکشەممە ٣٠/٩/٢٠١٨ پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.