Dlshad Saifaalddin Ahmed
28 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2018
سلێمانی ـ AA
پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆ لە بنکەکانی دەنگدان لە شار و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، لە سەرەتای کردنەوەی دەرگای بنکەکانیشەوە ژمارەیەکی زۆری ھێزە ئەمنییەکان لە بەردەم بنکەکان ئامادەبوون.
لە بنکەی سەرکەوتن ژمارەیەکی زۆری ھێزە ئەمنییەکان لە پێش کردنەوەی دەرگای دەنگدان لە دەرەوە نۆرەیان گرتبوو بۆ چوونە ژورەوە و دەنگدان، ئەوان پەلەی چوونە ژورەوە و دەنگدان بوون، بەشێوەیەک ئەو ھێزە ئەمنییەی بۆ پاراستنی بنکەکە دانرابوون توانای کۆنترۆڵکردنی چوونە ژوورەوەی ھێزەکانیان نەماو سەدان کەس لە ھێزە ئەمنییەکان چوونە ژوورەوە و قەرەباڵەغی زۆر لە بەردەم وێستگەکان دروستبوو.
جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی سلێمانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی، دیار نەسرەدین لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆسەکە تائێستا بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێت و لە سەرەتای کردنەوەی بنکەکانەوە ژمارەیەکی زۆری ھێزە ئەمنییەکان ھاتبوون و دەیانویست بە زوویی دەنگی خۆیان بدەن".
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە ھەندێک کێشەی بچووک کە ھەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەن، تائێستا کێشەیەکی ئەوتۆ لە بەردەم پڕۆسەکە نییە.
دیار ئەوەشی گوت: "بەھۆی دروستکردنی قەرەباڵغی و بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بەناو وێستگەکاندا، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە روماڵی راگەیاندن و چوونە ژورەوەی کامێرا و رۆژنامەنووسانیان بۆ ناو وێستگەکان قەدەغە کردووە و تەنھا لە دەرەوەی وێستگەکان بۆیان ھەیە روماڵ بکەن".
پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، دواتر دەرگای بنکەکانی دەنگدان دادەخرێن و دەست بەجیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت.
بەشێک لە ئەندامانی ھێزە ئەمنیەکان دوای بەشداری کردنی دەنگدان، بە خۆشحاڵییەوە باس لە بەشداری کردنیان لە دەنگدان و گەرموگوڕی پڕۆسەکە دەکەن.
دانا ئەحمەد و محەمەد ئەحمەد دوو پێشمەرگەن و لە بنکەی بەردەقارامان دەنگیاندا، ئەوان لە لێدوانیاندا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتیان، پڕۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێت و جیاواز لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو ھێزە ئەمنییەکان بە ھێمنی دەچنە ژوورەوە و دەنگی خۆیان دەدەن بەبێ ھیچ کێشەیەک.
بە گوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن، ھەر دەنگدەرێک کە دەنگ دەدات پێویستە یەکێک لە بەڵگەنامەکانی (کارتی نیشتمانی، رەگەزنامەی عێراقی، پاسپۆرت)ی پێبێت، بەپێچەوانەوە رێگای نادرێت دەنگ بدات.
ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان بریتییە لە ١٧٠ ھەزار و ٤٦٩ دەنگدەرن لەو ژمارەیەش ٦٢ ھەزار و ٢٢٠ کەسیان لە پارێزگای سلێمانین.
کۆی گشتیی بنکەکانی دەنگدان کە بۆ دەنگدانی تایبەت تەرخان کراون، ٩٢ بنکەی دەنگدانە کە ٤٧١ وێستگە لەخۆ دەگرن، لەو ژمارەیەش ٤١ بنکە لە ھەولێر و ٣٧ بنکە لە سلێمانی و ٢٠ بنکەش لە دھۆک و یەک بنکەش لە ھەڵەبجەیە.
بۆ ھەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە ٢٠١٨/٩/٣٠ بەڕێوەبچێت، دوو ملیۆن و ٩١٤ ھەزار و ٩٩٢ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و ١٣٤ ھەزار و ٧٦٠ کەسیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی.