Zana Natık Kerem
31 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2017
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێكهاتەی ئێزدی، ڤیان دەخیل رایگەیاند كە بەهۆی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كە سەبارەت بەقەدەغەكردنی گەشتكردنی هاووڵاتییانی عێراق لەگەڵ هاووڵاتییانی شەش وڵاتێكی دیكەی ئیسلامی بۆ ئەمریكا دەریكردووە، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ ناتوانێت بەرەو واشنتۆن گەشت بكات.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڤیان دەخیل گوتی: "بڕیاربوو هەفتەی داهاتوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (لانتۆس) بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ بەرەو واشنتۆن گەشت بكەم كە دەزگای لانتۆس بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ بەمنی دەبەشخێت".
ڤیان دەخیل هەروەها گوتی: "بەڵام بەهۆی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كە سەبارەت بەقەدەغەكردنی گەشتكردنی هاووڵاتییانی عێراق لەگەڵ هاووڵاتییانی شەش وڵاتێكی دیكەی ئیسلامی بۆ ئەمریكا دەریكردووە، ناتوانم بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە لە واشنتۆن ئامادە بم".
رۆژی هەینی رابردوو سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ ئەو بڕیارەی واژوو كرد كە گەشتكردن بۆ ئەمریكا لە هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی ئیسلامی قەدەغە دەکات.
بەپێی بڕیارەكەش، گەشتكردنی هاووڵاتییان لە حەوت وڵاتی ئیسلامی بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ ئەمریكا قەدەغەكراوە و وەك كۆشكی سپیش رایگەیاندووە ئەو بڕیارە هاووڵاتییانی هەریەكە لە ئێران، سووریا، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان و یەمەن دەگرێتەوە.
ناوبراو داواشی لە سەرۆكی ئەمریكا كرد ئاگادار بێت كە ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی كەمینە لەو حەوت وڵاتە ئیسلامییە هەن كە بەدەست چەوساندنەوە دەناڵێنن و پێویستە رەوشی ئەوان لە بەرەچاو بگیرێت و لە گرتنەوەی ئەو بڕیارە جیا بكرێنەوە.
وا بڕیار بوو ڤیان دەخیل لە ٨ی مانگی شوباتی داهاتوو بەرەو ئەمریكا گەشت بكات و لە میانی ئاهەنگێكدا كە لە واشنتۆن ساز دەكرێت، خەڵاتی لانتۆس-ی پێببەخشرێت.