هەولێر
وەزیری بەرگری بەریتانیا مایكل فالۆن ئاشكرای كرد، لە سەربازگەیەكی نزیك شاری هەولێر راهێنەرانی سەربازی بەریتانیا كۆتاییان بە مەشقپێكردنی هەزار پێشمەرگە هێناوە، كە بە چەندین جۆری چەكی بەریتانی مەشقیان كردووە.
بەگووتەی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان توانای پێشـمەرگە لەرێگەی ئەو مەشقە سەربازیانەی كە راهێنەرانی وڵاتانی هاوپەیمان لەشەڕی دژ بە داعش رۆژانە ئەنجامی دەدەن، بەرز بۆتەوە، لە سەر چەكە تازەكان پێشمەرگە شارەزای باشی پەیدا كردووە.
سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان فەریق جەمال ئێمنكی لەلێدوانكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند: "ئەو پێشمەرگانەی كە بەم دواییە لەسەر دەستی راهێنەرانی بەریتانیا مەشقیان تەواو كردووە، زۆربەی زۆریان سەر بە پێكهاتەی مەسیحی و كوردی ئێزدین ئەو هێزانە لەمێژ نییە دامەزراون".
سوپاسالاری كوردستان ئەوەشی راگەیاند مەشقی پێشمەرگەكانی مەسیحی و کوردی ئێزدی كەیەك مانگی خایاندووە، لە سەر چەكی دۆشكە و رەشاش و زۆربەی ئەو چەكە تازانە بوونە كە دژە تانك و زریپۆشن.
ئەو زیاتر گوتی: "مەشقەكان توانای زۆربەی پێشمەرگەكانی بەرزكردۆتەوە و بەرچاو روونی زۆری بەپێشمەرگەكان داوە ،كە بەئاسانی ئەو چەكانە لەدژی دوژمن بەكار بهێنن".
فەریق جەمال گوتیشی: "شەڕی ئێستای داعش شەڕی كۆڵان بەكۆڵانی ناوشارەكانە و پێویستی بەتاكتیكی سەربازی هەیە جیاواز لەشەڕی دەشتایی، هاریكاری راهێنەرانی سەربازی بەریتانیا و هەموو وڵاتانی دیكەی هاوپەیمان، كە ئێستا لە هەرێمن، سوودی زۆری هەبووە".
دوای پێشرەوییەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك، ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهان لەنێوانیان دا بەریتانیا، هاریكاری سەربازیان پێشكەش بە هەرێم كرد و بەشێكی هاریكارییەكانیان، خۆی لە ناردنی سەدان راوێژكار و راهێنەری سەربازی بۆ مەشقپێدانی پێشـمەرگە بینیوەتەوە.