Heman Hussein Yaseen
04 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی ھەواڵێکی چەواشەکارانەی میدیای رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بەدرۆدەخاتەوە و پەردە لەسەر هەوڵێکی چەواشەکارانەیان لادەدرێت.
لەوبارەیەوە نووسینگەی فازڵ میرانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ھەواڵێکی ئاژانسی فورات نیوزی سەربە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە بە درۆ خستووەتەوە کە گوایە کۆبوونەوەیەک لە نێوان فازڵ میرانی و دەزگای هەواڵگری تورکیا لە دهۆک رێکخراوە.
لە روونکردنەوەکەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-دا ھاتووە "بەشی تورکی ئاژانسی "فورات نیوز"ی سەربە پەکەکە، ھەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە، گوایە سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی بەشداری کۆبوونەوەیەکی کردووە لەگەڵ دەزگای ھەواڵگریی تورکیا (میت) لە شاری دھۆک بە مەبەستی ئامادەکردنی ھێزێکی ٢٠٠ کەسی کە جلوبەرگی پەکەکەیان لەبەردا بێت و چەندین شوێن و دەزگای ھەستیاری وەکو پۆلیس و ئاسایش بکەنە ئامانج بۆ بیانوگرتن بۆ لێدانی دەنگی ناڕازیی ناوچەی بادینان و چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستان دواتریش بەم بیانووەوە پەکەکە بکرێتە ئامانج و لە بارەگاکانی بدرێت".
لە روونکردنەوەکەدا هەروەها ھاتووە "وێڕای بەدرۆخستنەوەی سەرلەبەری ھەواڵەکە، بە پێویستمان زانی روونی بکەینەوە کە سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی بەشداریی ھیچ کۆبوونەوەیەکی لەم جۆرەی نەکردووە. داواش دەکەین ئەم ئاژانسانە بیر لە میسداقیەتی خۆیان بکەنەوە و چیتر خەڵک بە ھەواڵی بێ بنەما چەواشە نەکەن".