hemn husian
05 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2016
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئاماژە بە هاتنی شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و پێی وایە دەبێت هەموو لایەک بیر لە دەرچوون لەو قەیرانە بکەنەوە.
رێککەوتنە سیاسییەکەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی گۆڕی و ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی چەند لایەنێکی سیاسیی و بەم بۆنەیەوەش پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی دەرکرد.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان فازڵ میرانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی من ئاگاداربم، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگایە و مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین بەو حەرەکەیە هەڵساوە کە پێش کۆنگرەش جارێکی دیکە حەرەکەیەکی دیکەی کردووە و ئێستاش پێداگیری دەکات، سەرەڕای ئەو پێشهاتانە بەڵام هەر هەموومان دەبێت بیر لە دەرچوون بکەینەوە لەم قەیرانە".
دوای واژۆکردنی رێککەوتننامە سیاسییەکەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە بەجیا ئامادەین پێشوازی لە شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بکەین.
سەبارەت بەهاتنی شاندی هەردوولایەن بەیەکەوەش، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی گوتی: "بەبۆچوونی من، ئێمە جارێ چاوەڕوانی برادەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تەنیا دەکەین".
دوای ململانێیەکی قووڵ لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، دواجار لە رۆژی 17/5/2016 بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسییەی هەرێمی کوردستان، لە بەردەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەلال تاڵەبانی، رێککەوتننامەیەکی سیاسییان واژۆ کرد.
میرانی کە بەمەبەستی پیرۆزباییکردن لە 11 سالەی دامەزراندنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتبووە بارەگای ئەو پارتە و ئاماژەی بە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کرد و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ بەناوی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بارەگای پارتی گەشەپێدانی تورکمانمان کرد بەمەبەستی پیرۆزباییکردنی ساڵیادی دامەزراندنی ئەو پارتە و ئەمەش جگە لەوەی کە ئەرکی خۆمانە وەکو پارتی، نیشانەی پێکەوەژیانی دیموکراسییە و پەیوەندییەکانی نێوان برایەتی کورد و تورکمانە بەتایبەتی لە شاری هەولێر کە مێژوویەکی زۆری هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا خزمایەتی لە نێوان ئەو دوو پێکهاتەدا هەیە و ئەمە وڵاتی هەموومانە وەکو کورد و تورکمان و کاکەیی و شەبەک و مەسیحی و پێکهاتەکانی دیکەش، بە دڵنیاییەوە هەمولایەک بەشدارین لەو وڵاتە و هەموومان ماف و ئەرکمان هەیە و هیچمان منەت بەسەر ئەوەی دیکەوە ناکات، بۆیە دەبێت دەست لەناو دەستی یەکتر بنێین بۆ پێکەوەژیان و ئاوەدانی وڵات و سەرکەوتن".