Sarmand Hameed
26 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە دیاریکرا.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی بە پشت بەستن بە زانیاریی سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی بڵاوی کردەوە فازڵ میرانی وەک بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دیاریکراوە.
رۆژی ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پشت بەستن بە زانیاریی سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی بڵاوی کردەوە لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی دیاریکراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ماڵپەڕەکە بڵاوی کردبوویەوە، هەریەک لە فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحمود مەحەمەد و سیداد بارزانی بە ئهندامانی دهستهی كارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دیاریکراون.
رۆژی سێی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک دەستی بەکارەکانی کرد و لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا، مەسعود بارزانی بە سەرۆکی حزب ھەڵبژێردرایەوە و ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەم ھەڵبژێردران.
لە رۆژی دووەمی کۆنگرەکەدا، پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی پەسەندکرا کە چەند گۆڕانکارییەکی لە ئۆرگانەکانی پارتی لەخۆگرتبوو، لەوانە کۆمیتەی ناوەندی لە بری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ھەروەھا دروستکردنی ئەنجوومەنی تێکۆشەران بۆ کەسانەی کە توانای کارکردنیان نەماوە و لەو ئەنجوومەنە درێژە بە کارەکانیان دەدەن و سوود لە ئەزموونیان وەردەگیرێت، پۆستی مەکتەبی سیاسیی نەما و لەبری ئەو دەستەی کارگێڕیی دروست دەکرێت و کەسێک بە بەرپرسی دەستەی کارگێریی دادەنرێت.
رۆژی سێیەم و کۆتا رۆژی کۆنگرە پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو و تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، لەلایەن لیژنەی دادوەران و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کە سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکەیان دەکرد، ناوی دەرچووەکان ئاشکرا کرا و دوای نەبوونی ھیچ تانەیەک، ئەنجامەکان پەسەند کران.
لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای کۆنگرە، ١٧ كهس وهک ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردران و لهو ژمارهیهش ١٠ كهسیان ئهندامی كۆمیتهی ناوهندی و حهوت كهسیشیان پێشتر ئەندامی مهكتهبی سیاسیی بوون کە بریتی بوون لە فازڵ میرانی، فوئاد حوسێن ،ھۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحموود محەمەد، رێبوار یەڵدا، کەمال کەرکووکی، زەعیم عەلی، سیداد بارزانی، ھێمن ھەورامی، پشتیوان سادق، ھیوا ئەحمەد مستەفا، سەربەست لەزگین، زاگرۆس فەتاح، نەوزاد ھادی، ئامینە زکری و عەلی حوسێن.