Heman Hussein Yaseen
27 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنەکەی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بوودجە، ماددەی ١٤٠ و بابەتی پێشمەرگە بکات.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل بە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی راگەیاندووە کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ سەردانی بەغدا دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی مافی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و ئاشکرایشی کردووە کە بەپێی پلانەکان کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت بۆ ئەوەی کە ئامادەکاری بکرێت بۆ نووسینەوەی بوودجەی ٢٠٢٣، ھەروەھا بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی عێراقیش کۆببنەوە.
جووتیار عادل راشیگەیاندووە کە ھەموو ئامادەکارییەکان کراوە لەسەر بابەتی خەرجی، میلاکات و نانەوتی، ھەموو ژمارەکان یەکلایی کراوەتەوە و دەمێنێتەوە ئەو کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەکرێت و ئەو بڕە پارەیەی حکوومەتی ھەرێم دایناوە لە چوارچێوەی بوودجەی عێراق دابنرێت.
لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوان ھەولێر و بەغدا، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل گوتی: "لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کراوە و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەردراوە، دەبێت ھەمووی پێیەوە پابەند بن و بەپێی شایستەی ھەرێمیش بوودجەکە لەسەدا ١٧یە و بەپێی دوایین سەرژمێری پێشبینیکراو لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش لەسەدا ١٤یە، ئیتر لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ دەکرێت".
جووتیار عادل راشیگەیاندووە کە بابەتی گرنگ ئەوەیە کە بەر لەوەی یاسای بوودجە بچێتە پەرلەمان حکوومەتی ھەرێم رۆڵی ھەبێت و بۆچوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت لە یاساکەدا، ھاوکات بابەتی دیکەی وەک ماددەی ١٤٠ و پێشمەرگە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان دەبن.