Hemin Hüseyin
15 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2018
هەولێر-AA
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، شێخ قاسم بەرزنجی ئاشکرای کرد کە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف سەردانی بەغدا دەکات بۆ دیاریکردنی رێککارەکان و میکانیزمی کردنەوەی ھەردوو فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی ھەولێر و سلێمانی بۆ گەشتەکانی عەمرە.
شێخ قاسم بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "تا ئێستا هانی هیچ کەسێکمان نەداوە سەردانی سعوودیە بکات بە مەبەستی گەشتی عەمرە بە هۆی ئەوەی دەبوایە هاووڵاتییان لە رێگای فڕۆکەخانەی بەغدا ئەو گەشتە ئەنجام بدەن و ئەوانیش لە هەڵسوکەوتی کارمەندانی فڕۆکەخانەی بەغدا ناڕازی بوون".
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە میکانیزمی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەریمی کوردستان کرد بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتی عەمرە و گوتی: "دەمەوێت هۆکاری ئەوە ئاشکرابکەین کە ئێمە لەماوەی رابردوودا، بۆچی سەفەری عەمرەمان ئەنجامنەدا، ئەم سەفەرنەکردنە ئێمە لە سوود و قازانجی هاووڵاتییانی خۆماندا بوو، ئێمە بە راشکاوانە بە دەستەی حەج و عومەری عێراقمان راگەیاند کە هانی کەس نادەین سەفەر بکات، هەم لەبەر هۆکاری دارایی و هەم لەبەر ئەوەی بۆ ئێمە قورس بوو کە هاووڵاتییانی ئێمە بچن لە بەغدا دابەزن و لە هەڵسوکەوتی فڕۆکەخانەی بەغدا ناڕازی بن".
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، شێخ قاسم بەرزنجی گوتیشی: "ئێمە داومان لە سەرۆکی دەستەی حەج و عەمرەی عێراق، خالید عەتیە کرد کار بکات بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ گەشتەکانی حەج و عەمرە و ئەویش پێی راگەیاندین کە نووسراوێک بۆ ئەو مەبەستە بۆ دەستەی حەج و عەمرەی عێراقی بنێرن و ئێمەش نووسراوێکی تایبەت بەم بابەتەمان ئاراستەکردن و ئەوانیش وەڵامییان داوەتەوە کە رەزامەندن لەسەر گەشتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لە رێگای هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی".
شێخ قاسم بەرزنجی راشیگەیاند کە بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف سەردانی بەغدا بکات بۆ دیاریکردنی رێککارەکان و میکانیزمی کردنەوەی ھەردوو فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی ھەولێر و سلێمانی بۆ گەشتەکانی عەمرە.
بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەگەر بەغدا جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو مەرج بەسەر هەرێمی کوردستان بسەپێنێت بۆ ئەنجامدانی گەشتی هاووڵاتییان، ئەوا وەکو وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی بە هیچ مەرجێک رازی نابن.
شێخ قاسم بەرزنجی ئەوەیشی ئاشکراکرد کە هەر کەسێک لە هەر وڵاتێک دوو ساڵ لەسەر یەک سەفەری سعوودیە بکات بۆ مەبەستی ئەنجامدانی گەشتی حەج و عەمرە، ئەوا دەبێت دووهەزار و سەد ریالی سعوودی (٥٣٥ دۆلار) بدات بەو وڵاتە، ئەم بڕیارەش هەموو کەسێک دەگرێتەوە.