Heman Hussein Yaseen
26 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2019
هەولێر - AA
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەبەز ئیسماعیل رایگەیاند کە ٢٨ی ئەم مانگە کۆتا کاروانی حاجییان دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوەش دەکات کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ دوو هەزار حاجی زیاتر سەفەری حەجییان کردووە.
نەبەز ئیسماعیل لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاروانی ھاتنەوەی حاجییانی ماڵی خوا بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و ٢٨ی ئەم مانگە دوا کاروانی حاجییان دەگەنەوە ھەرێمی کوردستان".
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ژمارەی ئەو حاجییانەی کە ئەمساڵ سەفەری حەجییان کردووە رایگەیاند "ئەمساڵ حەوت ھەزار و ١٣٢ حاجی سەردانی ماڵی خوایان کرد و دوو لە حاجییەکان لەوێ کۆچی دواییان کرد و ئەوانی دیکە ھەموو فەریزەکانی حەجیان بەجێگەیاندووە و ژمارەیەکی زۆریان گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان و نزیکەی ھەزار حاجی ماون کە رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە ئەوانیش دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان".
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: "بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ دوو ھەزار کەس زیاتر فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندووە ھیوادارین بتوانین بۆ ساڵانی داھاتوو خزمەتگوزارییەکی باشتر پێشکەش بە حاجییان بکەین".