Hemin Hüseyin
29 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2017
هەولێر - AA
بەهۆی داخستنی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، تا ئێستا هیچ هاووڵاتییەک خۆی بۆ گەشتی عەمرە ناونووس نەکردووە لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوو تا ئەوکاتە چەند کاروانێکی گەشتیاران بەرەو سعوودیە بەڕێکەوتبوو.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، نەبەز ئیسماعیل لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە تا ئەو کاتە، دوو مانگ دەبوو کە سەردانی عەمرەکاران دەستی پێکردبوو بۆ وڵاتی سعوویە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی بەغدا، گەشتی عەمرە بەهیچ شێوەیەک ئەنجام نەدراوە، چونکە ئەگەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بیانەوێت گەشتی عەمرە ئەنجام بدەن ئەوا خەرجێکی زیاتریان دەکەوێتە ئەستۆ چونکە دەبێت لەم حاڵەتەدا دوو گەشت بکەن، گەشتێک لە هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و لەوێشەوە بۆ سعوودیە، بۆیە تا ئێستا هیچ گەشتێک ئەنجام نەدراوە".
سەبارەت بە هەوڵەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک سەبارەت بە ئەنجامدانی گەشتەکانی عەمرەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە، نەبەز ئیسماعیل گوتی: "ئێمە لێژنەیەکی باڵامان پێکهێنا لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کە سەردانی بەغدایان کرد و ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە، ئەو لێژنەیە بۆ ئەوە چوون کە میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ عەمرەکاران، بۆ ئەوەی عەمرەکارانی ئێمە بێبەش نەبن لەو سوونەتە، بەڵام بەداخەوە داخستنی فڕۆکەخانەکان بڕیارێکی سیاسییە و زوڵمێکە لە هاووڵاتییان دەکرێت".
بەپێی گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ساڵانی پێشوو ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان خۆیان ناونووس دەکرد بۆ ئەوەی سەردانی عەرەبستانی سعوودیە بکەن بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا هیچ کەسێک ناوی خۆی بۆ ئەم گەشتە نەنووسیووە و سەبارەت بە ئامارەکانی ساڵانی پێشووش، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، نەبەز ئیسماعیل گوتی: "ساڵانە ١٥ تا ١٩ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان سەردانی عەرەبستانی سعوودیە دەکەن بۆ مەبەستی ئەنجامدانی گەشتی عومرە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا هیچ کەسێک ناوی خۆی نەنوسیووە و کەس ئەم گەشتەی ئەنجام نەداوە".
ئەنجامنەدانی گەشتەکانی عەمرە، راستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕی فرۆشتنی کەلوپەلی حەج و عەمرە کە هاووڵاتییان لەبری ئەوەی لە سعوودیە وەکو دیاری بۆ کەسوکارەکانییان بیهێننەوە ئەوا لێرەوە دەیکڕن و دەیبەخشنەوە ئەو کەسانەی کە سەردانییان دەکەن. بەڵام ئێستا دوکانەکان بەبێ کڕیار بەدیار کەلوپەلە نەفرۆشراوەکان دانیشتوون و ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە کار و بازاڕی ئەوان راوەستاوە و راستەوخۆ پەیوەندی بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکانەوە هەیە.