Zana Natık Kerem
30 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2017
مەنامە ــ AA
وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەی كە گەمارۆیان خستووەتە سەر قەتەر رایدەگەیەنن كە ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ قەتەردا بكەن بەڵام بەو مەرجەی ١٣ داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات.
لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا كە وەزیری دەرەوەی بەحرێن، خالید بن حەمەد ئالخەلیفە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا خوێندیەوە گوتی: "هەر چوار وڵاتەكە ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ قەتەردا بكەن، كاتێك قەتەر پاڵپشتی دارایی تیرۆر رابگرێت".
وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەكە پابەندبوونی خۆیان بەو شەش خاڵە كە لە كۆبوونەوەكەی قاهیرەدا لەسەری رێككەوتوون لەگەڵ گرنگی وەڵامدانەوەی قەتەر لە بارەی ١٣ داواكارییەكانیان دووپات كردەوە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئیمارات، عەبدوڵڵا بن زاید ئالنهەیان گوتی: "رێوشوێنی دیكە هەیە كە دژ بە قەتەر بیگرینە بەر بەڵام سوورین لەسەر ئەوەی كە ئەم قەیرانە بە زووترین كات كۆتایی پێ بێت".
هاوكات وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر گوتی: "ئەوەی دۆحە وەك هەوڵێك بۆ بە سیاسییكردنی پرسی حەج و سعوودیە ئەنجامی دەدات، رەتی دەكەینەوە و هەروەها پێشوازی لە حاجیانی قەتەر دەكەین".
دوای كۆبوونەوەكەی ٥ی تەمووز كە لە قاهیرە ئەنجامیاندا، بۆ جاری دووەم لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرێن، وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەی كە گەمارۆیان خستووەتە سەر قەتەر بە مەبەستی تاوتوێكردنی قەیرانی كەنداو كۆبوونەوە.