30 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2017
بەغدا ــ AA
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لەسەر بانگهێشتی فەرمی سعوودیە، بەرەو ئەو وڵاتە بەرێكەوت كە دوای 11 ساڵ ئەوە یەكەمجارە موقتەدا سەدر سەردانی سعوودیە دەكات.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی رەوتی سەدر بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە ئەمڕۆ یەكشەممە لەسەر بانگهێشتی فەرمی سعوودیە، موقتەدا سەدر بەرەو سعوودیە بەرێكەوت".
هاوكات سەرچاوەیەكی سیاسی لە رەوتی سەدر رایگەیاند كە ئەم سەردانەی موقتەدا سەدر بۆ سعوودیە، گرنگی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعوودیە و عێراق دووپات دەكاتەوە كە لەوێ لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسانی باڵای سعوودیە كۆدەبێتەوە.
سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "موقتەدا سەدر سەرکردەیەکە كە داوای بوونی پەیوەندییەكی باش و هاوسەنگ لە نێوان سەرجەم وڵاتانی دراوسێدا دەكات".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە موقتەدا سەدر هەوڵ دەدات ئەو بیرۆكەیە لا ببات كە لەسەر عێراق وەرگیراوە لەوەی وڵاتێكە كەوتووەتە ژێر كۆنتڕۆڵی ئێران و گوتیشی: "موقتەدا سەدر لە زۆربەی پرسەكانی ناوچەكە بە تایبەتیش رەوشی سووریا بۆچوونەكانی پێچەوانەی ئاراستەكانی ئێرانە".
سەرچاوەكە نەشیشاردەوە كە ئێران هەوڵدەدات حەشدی شەعبی لەسەر حیسابی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەهێزتر بكات بەڵام موقتەدا سەدر ئەو ئاراستەیە رەت دەکاتەوە و چەند جارێكیش داوای كردووە كە دوای شەڕی دژ بە داعش حەشدی شەعبی هەڵبوەشێندرێتەوە و تێكەڵی هێزە فەرمییەكان بكرێت.
لە دوای ساڵ ٢٠٠٦وە ئەوە یەكەم جارە موقتەدا سەدر سەردانی سعوودیە دەكات.