Heman Hussein Yaseen
15 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2021
ههولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی بۆ کۆچی دوایی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژ نوری شاوەیس پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی-دا ھاتووە ''بەداخێکی زۆرەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، پێشمەرگەی ماندونەناس و تێکۆشەر و خەباتگێڕی نیشتیمانپەروەری گەلەکەمان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دکتۆر رۆژ نوری شاوەیس بەھۆی نەخۆشییەوە لە شاری ھەولێر کۆچی دوایی کرد، دکتۆر رۆژ نوری شاوەیس ئەو شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە مەزنە بوو کە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی گەلەکەمان و پارتی دیموکراتی کوردستان، چ لە سەردەمی شاخ و چ لە قۆناغی سەروەریی یاسا و بەڕێوەبردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و قۆناغی دەستوور و بونیادنانی عێراقی تازە و کاری سیاسی و دیپلۆماسی و شەڕی تیرۆردا بەرگریکاری سەرسەختی بەھا و ئامانجەکانی گەلی کوردستان بووە و ھەمیشە ئەرک و کارەکانی دڵسۆزانە و پێشمەرگانە و بە باشترین شێوە ئەنجامداوە''.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ھاتووە ''دکتۆر رۆژ تەمەنی خۆی لە پێناو دۆزی رەوای گەلی کوردستان و بەدیھاتنی ئامانجە باڵاکانی گەلی کوردستان و بەرگریکردن لە خاک و گەل تەرخان کرد و لەو رێگەیەدا پێشمەرگەیەکی بوێر و بە وەفای رێبازی بارزانی و کوردایەتی بوو. کۆچی دوایی دکتۆر رۆژ بۆ ھەموومان کۆستێکی گەورەیە و لەدەستدانی بۆ خەڵکی کوردستان و پارتی خەسارەتێکی گەورەیە. کوردستان سەرکردە و کەڵەپیاو و شۆڕشگێڕێکی مەزنی لەدەست دا. منیش برا و ھاوڕێی تەمەن و دۆستی نزیک و ھاوسەنگەرێکی خۆشەویستم لەدەست دا''.
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا هەروەها پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی رۆژ نوری شاوەیس کردووە و ھاتووە ''سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی نیشتیمانپەروەری دکتۆر رۆژ و سەرکردایەتیی و کادیر و ئەندام لایەنگرانی پارتی و ھەڤاڵ و ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو دکتۆر رۆژ و شاری ھەڵمەت و قوربانی و ھەموو خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی عێراق و جیھان دەکەم''.