Zana Natık Kerem
15 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی بۆ کۆچی دوایی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، رۆژ نوری شاوەیس پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە.
محەمەد حەلبوسی پرسەنامەکەی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە:
"بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵیی کۆچی دوایی سیاسەتمەداری باڵا و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دکتۆر رۆژ نووری شاوەیس-مان پێگەیشت".
راشیگەیاندووە "لە خوای گەورە داواکارین سەبوری کەسوکار و خۆشەویستانی رۆژ نوری شاوەیس بدات و کوچکردوویش بەر رەحمەتی خۆی بخات و بە بەھەشتی بەرینی خۆی شادی بکات".
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، رۆژ نوری شاوەیس کۆچی دوایی کرد.
رۆژ نوری شاوێس دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق تا ساڵی ٢٠٠٥ جێگری سەرکۆمار غازی عەجیل یاوەر بوو، دواتر لە ٢٠٠٥ جێگری سەرۆکوەزیران ئیبراھیم جەعفەری بوو، ھەروەھا لە ٢٠١٠ جێگری سەرۆکوەزیران نوری مالیکی بوو، ھەروەھا بۆ ماوەیەکیش جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بووە.