Zana Natık Kerem
15 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری تەندروستیی و ژینگەی عێراق، حەسەن تەمیمی رایگەیاند کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو، گەیشتووەتە عێراق و ئاماژە بەوەیش دەکات کە تا ئێستا ژمارەیەک حاڵەتی تووشبوونی منداڵان بە کۆرۆنای گۆڕاو، تۆمارکراوە.
حەسەن تەمیمی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لە دوایین پێشھاتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو کرد و گوتی:
"ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوە، گەیشتووەتە عێراق کە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، لەبەرئەوە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین زیاتر پابەندی رێنمایەکانی خۆپارێزیی بن".
وەزیری تەندروستیی و ژینگەی عێراق، حەسەن تەمیمی باسی لەوەشکرد کە منداڵانیش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو دەبن و گوتی:
"تا ئێستا ژمارەیەک حاڵەتی تووشبوونی منداڵانمان بە کۆرۆنای گۆڕاو، تۆمارکردووە".
حەسەن تەمیمی راشیگەیاند کە سەرجەم تواناکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە خستووەتەگەڕ و گوتی:
"لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا، تەواوی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە ھاووڵاتییان دەکرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا تاکە رێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پابەندبوونە بە رێنمایەکانی خۆپارێزیی".
ئاماژەی بەوەیشدا کە ھەر کاتێک ڤاکسینی دژەکۆرۆنا بگاتە عێراق، ئەوا دەست دەکرێت بە ھەڵمەتی ڤاکسیندانی ھاووڵاتییان و گوتی:
"سبەی تیمەکانی تەندروستیی لە شەقامەکاندا، بڵاودەکرێنەوە بۆ ئەوەی سزای ئەو کەسانە بدەن کە سەرپێچی رێنمایەکانی خۆپارێزیی دەکەن".
بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا، ٦٣٤ ھەزار و ٨٥٢ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ١٣ ھەزار و ١٧٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٠٧ ھەزار و ٥٩یش چاکبوونەتەوە.