Haydar Karaalp
13 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2023
بەغدا-AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە ساڵی رابردوو دەستبەرداربوونی خۆی لە سیاسەت راگەیاندبوو داوای لە لایەنگرانی کرد "درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی ئەمریکا بدەن".
دوابەدوای پەیامەکەی موقتەدا سەدر، نوێژی هەینی لەژێر ناوی "هەینی یەکگرتوو" لە گۆڕەپانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکە بە بەشداری لایەنگرانی رەوتی سەدر و بەشێک لە سوننەکان بەڕێوەچوو.
لە گوتاری هەینیدا پەیامەکەی سەدر خوێندرایەوە. ئەو سەرکردەیەی شیعەکان ئاماژەی بەوە دا، نەریتی نوێژی هەینی لە لای شیعەکانی ئەو وڵاتە میراتی باوکییەتی، (مەرجەعی شیعەکان، محەمەد سادق سەدر) کە بە دەستی رژێمی بەعس کوژرا.
موقتەدا سەدر بە لایەنگرانی راگەیاند کە "پێویستە خەباتیان دژی کۆلۆنیالیزم و داگیرکاریی ئەمریکا و ئەوانەی پشتیوانی لە کلتورەکەی دەکەن، بەردەوام بێت".
سەدر گوتیشی: "ئەگەر موقتەدا سەدریش مرد ئێوە بەردەوام بن لە نوێژی هەینی، ئەمە ئەرکی سەرشانتانە و شکۆی ئایین و مەزهەب و نیشتمانتانە".
بانگەوازەکەی سەرکردەی شیعەکان بۆ نوێژی هەینی بانگەشەیەی ئەوەی بەدوای خۆیدا هێنا کە سەدر دەگەڕێتەوە ناو گۆرەپانی سیاسی.
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠٢١، سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان وازهێنانی خۆی لە سیاسەت راگەیاندبوو.
دوای کشانەوەی موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی، گرووپە شیعەکان کە لەلایەن ئێران پاڵپشتی دەکرێن لەگەڵ سوننە و کوردەکان "هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت"یان پێکهێنا و لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ حکوومەتیان پێکهێنا.