هەولێر
بارزانی لە پەیامەکەیدا رایدەگەیەنێ کە لە یادی ٥٣ ساڵەی شۆڕشی ئەیلول، گەلەكەیان لە شەڕێكی چارەنووسسازدایە و پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی هەموو جیهانی ئازاد لە دژی "تیرۆریستان" دەجەنگێ.
جەختیش دەکاتەوە کە "گەلی كوردستان بە هیچ شێوەیەك رێگە نادا تیرۆر و داگیركاری بەسەر ئیرادەیدا سەربكەوێ، بڕوابەخۆبوون و رەتكردنەوەی زوڵم و داگیركاری هەوێنی سەرەكیی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو و بەها و كەلتووری ئەم شۆڕشەیە وایكرد لە قۆناغەكانی دیكەی شۆڕشدا گەلی كوردستان لە خەبات و كۆڵنەدانی بەردەوام بێ و دەستكەوت و سەركەوتنی مەزنیش تۆمار بكا."
هەرەوەها بارزانی دەڵێ: "ئێستایش دەبێ بە هەمان گیانی بڕوابەخۆبوون و لە پێناو 'كوردستان یان نەمان'دا لە دژی شەڕانگێزی و تیرۆریست و داگیركاری بجەنگین و هەموو بستە خاكێكی كوردستانیان لێ پاكبكەینەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکا کە لە شۆڕشی ئەیلولدا گەلی كورد پشتی بە ئیرادە و توانا و بڕواكانی بەست و بە بەشداریی هەموو چین و توێژەكان و بە یەكڕیزی توانی ناسنامە و بوونی خۆی بپارێزێ.
هەروەها شۆڕشی ئەیلول بە "گەورەترین شۆڕشی کوردستان" وەسفدەکا دەڵێ، "لەم یادەدا پێویستە هەموومان بۆ بەها و ئامانجەكانی شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١ بگەڕێینەوە و بیكەینە چرای ئەو قۆناغەی ئێستا تیایدا دەژین."
باس لەوەش دەکا کە "جێی شانازییە ئێستا یەكڕیزی و یەكدەنگییەكی تەواو لەناو هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیە و پشت بە خودا و ئیرادەی گەل و هێزی پێشمەرگە، قۆناغی شەڕی دژی هێزە تاریكبین و شەڕانگێزەكان بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێنین."
جەختیش دەکاتەوە كە هیچ رووداو و كارەساتێك نابێتە هۆی ئەوەی "گەلی كوردستان لە داوا رەواكان و مافە نەتەوەییەكانی پاشەكشە بكا. پەلاماری تیرۆریستان و ئەو كارەسات و ناخۆشییەی بەسەر كوردانی ئێزیدی و خوشك و برا مەسیحییەكان و گەلی كوردستاندا هات رەوایەتی زیاتری مافە نەتەوەییەكانمان پێشان دەدا و پێویستە هەموومان مكوڕتر و پێداگیرتر بین لە یەكڕیزیی نێوانمان و مسۆگەركردنی هەموو ئەو مافانەی گەلی كوردستان دەیان ساڵە لە پێناویدا خەبات دەكا. رووداوەكانی ئەم دواییە و پەلاماری تیرۆریستانی دڕندە و دوژمنانی ئازادی دەبێ زیاتر هانامان بدا كە هەموومان پێكەوە پەرژینێكی پۆڵایین بۆ گەلەكەمان دروست بكەین كە كوردستان لە ئاگری رق و كینەی ناحەزانی بپارێزرێ."
لە کۆتاییدا بارزانی دەڵێ: "لەم یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە سەربەرزانە دەنێرین كە لە شەڕی دژی تیرۆریستان گیانی خۆیان فیدای كەرامەت و شكۆی گەلەكەیان كردووە و سەرەخۆشی لە خانەوادەكانیان دەكەم، سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە شەو و رۆژ چاونەترسانە بەرگری لە خاكی وڵاتەكەیان دەكەن."