هه‌ولێر
دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له قه‌ندیل شاندی سیاسەتمەدارانی کورد لە تورکیا سه‌ردانی شاری سلێمانی كرد و سكرتێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جه‌لال تاڵه‌بانیان به‌سه‌ركردوه.
له نوسینگه‌ی بەدهپه BDP له شاری هه‌ولێر، هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش لێدوانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵودا و ئاماجی سه‌ردانی شانده‌كه‌ی خسته‌ڕوو.
هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، له لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای سه‌ردانمان بۆ قه‌ندیل، به پێویستمان زانی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیش بكه‌ین و لە نزیكه‌وه چاومان به به‌رێز مام جه‌لال و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم نێچیرڤان بارزانی بكه‌وێ، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشی ناوچه‌كه و ژیانی ئێزدییه‌كان و هاوڵاتییانی كه‌مپی مه‌خمور و پرسی چاره‌سه‌ری ئاشتی له توركیا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین."
ده‌میرتاش گوتیشی: "به‌هۆی هێرشی تیرۆریستی داعشەوە كاره‌ساتێكی گه‌وره به‌رامبه‌ر گه‌لی ئێمه له شنگال و هاوڵاتییانی سونە كراوه، حه‌قه هه‌موو جیهان له به‌رامبه‌ر ئه‌وەی ده‌رحه‌ق به گه‌لی ئێمه ده‌كرێ ده‌سته‌وه‌ستان نەبن و هه‌ڵوێستیان هه‌بێ."
باسی له‌وه‌شكرد کە كوردانی ئێزیدی ئاواره نین و ئه‌وان ئێستا پێویستیان به هاوكاری و پێداوستی زۆر هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه چاره‌سه‌ری كێشه‌كه ناكا و ده‌بێ كارێكی وه‌ها بكرێ ئه‌وان بگه‌ڕێنه‌وه بۆسه‌ر ماڵ و حاڵیان و دۆخی ژیانیان بگه‌ڕێته‌وه سەر دۆخی جاران.
ده‌میرتاش گوتیشی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره‌ی كوردی ئێزیدی روویان له ناوچه‌كانی باشووری كوردستان كردووه، تا ئێستا ده‌یان هه‌زار هاوڵاتیش هاتوونه‌ته باكووری كوردستان و ئێستا كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مپ و پێداویستی ژیانیان بۆ دابین بكرێ."
هه‌ر له‌و لێدوانه‌یدا هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په به پێویستی زانی "كورد هاوپه‌یمانی و به‌ره‌یەكی هاوبه‌شی هه‌بێ له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی دێنه پێش."
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش گوتی: "كاتی ئه‌وه هاتووه كورد به‌ره‌یەكی هاوبه‌شی هه‌بێ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بۆ هه‌ر رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیدار كه چاوی به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد هه‌ڵنایه."
هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په گوتیشی: "كاتێ تیرۆریستانی داعش هێرشیان كرده سه‌ر شنگال، پێشمه‌رگه و په‌كه‌كه و یه‌په‌گه پێكه‌وه له به‌رامبه‌ریان شه‌ڕیان كرد، كه‌واته پێویسته نموونه‌ی شه‌ڕی شنگال بكه‌ینه ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی كورد له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش دروستبكا."
شاندی سیاسەتمەدارانی کوردی تورکیا بریتیبوون له هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی كهجهدە سه‌لما ئیرماك، سه‌رۆكی فیدراسیۆنی ئێزیدییه‌كان له‌یلا فه‌رمان، هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په فیگەن یوكسەكداغ، سه‌رۆكی شاره‌وانی ماردین ئه‌حمه‌د تورك، پارلەمانتاری شاری وان نه‌زمی گور و پارلەمانتاری شاری ماردین له په‌رله‌مانی توركیا ئەرۆل دۆرا.