لەندەن
دەیڤید كامیرۆن رایگەیاند: خوازیارین سكۆتلەندا لە پاڵ شانشینی یەكگرتوودا بمێنێتەوە و نامانەوێت خانەوادەی ئەو گەلانە بەش بەش ببێت.
لە وتارێكیدا كە لە رۆژنامەی دەیلی مەیل بڵاوی كردۆتەوە، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەیڤید كامیرۆن، ئاماژەی بەوە كردووە، كە پاشگەز نابنەوە لەو بڕیارەی داویانە لەبارەی ئەو ریفراندۆمەی كە هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت و رایگەیاندووە: شوێنی دروست بۆ ئامادەبوونی من و ئەد میلیباند و نیك كلێگ دانیشتنی "پرسیارەكانی سەرۆك وەزیران" نییە لە پەرلەماندا، بەڵكو بریارمانداوە سكۆتلەندا بێت.
كامیرۆن باسی لەوە كردووە، كە شانشینی یەكگرتوو پێكەوە باشترە و ئەمڕۆ لە سكۆتلەندا لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە گفتوگۆ دەكەن و پەیامی مانەوە دەدەین بە گەلی سكۆتلەندا. سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە ئەگەر ئەنجامی ریفراندۆمەكە نەخێر بوو، ئەوا بەواتای ئەوە نایەت دەسەڵاتی زیاتر دەداتە سكۆتلەندا لەبارەی باج و خەرجییەكانەوە، هەروەها پاڵپشتی خۆیشی بۆ پلانەكەی گۆردن براونی سەرۆك وەزیرانی پیشووی بەریتانیا دەربڕی كە سەرەتای ئەم هەفتەیە خستەڕوو.
رۆژیك پیش ئێستا براون لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەنجامی ریفراندۆمەكە نەخێر بوو، ئەوا دەسەڵاتی پەرلەمانی تایبەتی سكۆتلەندا زیاد دەكەن.
دەیڤید كامیرۆن بە ئاماژە كردن بەوەی شانشینی یەكگرتوو وڵاتێكی بە بەها و تایبەتە، رووی دەمی كردۆتە گەلی سكۆتلەنداو پێیان دەڵێت: "زۆر دڵخوازی ئەوەین لە پاڵ شانشینی یەكگرتوودا بمێننەوە و نامانەوێت خانەوادەی ئەم گەلانە بەش بەش بكەن. ئەگەر شانشینی یەكگرتوو دابەش ببێت، ئەوا بەیەكجاری دابەش دەبێت. لەبەرئەوە بژاردەكە زۆر روونە. یان بە "بەڵێ" كە داهاتوویەكی تاریكە، یان بە "نەخێر" كە داهاتووەكەی پرشنگدارە. ئەگەر هەفتەی داهاتوو سكۆتلەندا بە "نەخێر" دەنگ بدات، ئەوا پێكەوە ئەو داهاتووە دەنوسینەوە.لەم نێوەندەدا، ئالێكس سالمۆند، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی سكۆتلەندا و سەركردەی پارتی نیشتمانی سكۆتلەندا رایگەیاند: سەردانی ئەمڕۆی دەیڤید كامیرۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، نیك كلێگی جێگری و ئەد میلیباند سەرۆكی پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن بۆ سكۆتلەندا پاڵپشتی بۆ سەربەخۆیی زیاد دەكات.
گوتیشی: "تا ئیستا ئەو سێ سەركردەیە لە پەرلەمانی بەریتانیا لەو سەركردانەن كە كەمترین متمانەیان هەیە. پیش ریفراندۆمەكەی 18ی ئەیلول كامیرۆنم بانگهیشت كردن بۆ بەشداری كردن لە بەرنامەیەكی گفتوگۆی ڕاستەوخۆدا. بەڵام ئەمڕۆ كامیرۆن، كلێگ و میلیباند هەوڵ دەدەن دەنگ بۆ پێكەوە مانەوە كۆبكەنەوە لە ریفراندۆمەكەی سكۆتلەندادا."
لە 18ی ئەیلولدا گەلی سكۆتلەندا دەنگ لەسەر سەربەخۆی دەدات. چاوەڕوان دەكرێت رێژەی بەشداری كردن لەو ریفراندۆمەدا بەرزبێت و نزیكەی 3 ملیۆن 500 هەزار كەس لە هاوڵاتیانی سكۆتلەندا بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ بەشداریكردن تیایدا.
ئەگەر لە ریفراندۆمەكەی 18ی ئەیلولدا بە بەڵی دەنگ لەسەر سەربەخۆیی بدرێت و لە گفتوگۆكاندا رێكبكەون لەسەری،ئەوا پێشبینی دەكرێت سكۆتلەندا پیش ساڵی 2016 بە تەواوی لە شانشینی یەكگرتوو جیاببێتەوە.
دوایین راپرسی لەبارەی سەربەخۆیی سكۆتلەنداوە دەری دەخات، كە جیاوازی لە نێوان هەر دوو بۆچونی یار و نەیاری سەربەخۆیی لە سكۆتلەندا %1، هەروەها ئەوانەشی لەو بارەیەوە بڕیار نادەن %20.