ئەنقەرە
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا یاڵچن ئاكدۆغان لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی ھەواڵی راستوخۆی كەناڵی "تەرەتە خەبەری توركی" چەند روونكردنەوە و زانیارییەكی لەبارەی پرسی چارەسەری دیموكراتی ئاشكرا كرد و ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە بە شێوەیەكی كراوە و شەفاف كرد.
ئاكدۆغان گوتی: "لێرەدا پشتیوانی كۆمەڵگا گرنگە، زانیاری و وشیاركردنەوەی كۆمەڵگا و سەقامگیری گرنگە، لەو چوارچێوەیەدا كارێكی نەهێنی نابێ."
ئاكدۆغان سەبارەت بە گەیشتنی پرسەكە بە چ ئاستێك، گوتی: " ھیچ شتێكی نەرێنی و كێشەیەك لە پرۆسەكەدا نییە، بە پێی پلانی بۆ داڕێژراو، پرسەكە لەسەر رێڕەوی خۆی دەڕوا."
ئاكدۆغان وەك وەبیرھێنانەوە جەختی لەسەر كۆبوونەوەی سەرجەم لایەنە پەیوەندییدارەكان بە پرسەكە بەسەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو كردو گوتی: "سەرۆكوەزیران باسی لەوە كردوە كە لێپرسراوی ئەم پرۆسەیە ئەوە و لە كۆبوونەوەكانیشدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەكات ."
جێگری سەرۆكوەزیران ئاكدۆغان لە درێژەی گوتەكانیدا رایگەیاند، "پرسی چارەسەری دیموكراتی لە لایەن حكومەتەوە لە هەموو قۆناغەكانی بە شێوەیەكی كراوە و شەفاف بەڕێوەدەچێ و پرسێكە لەلایەن سیاسەتی حكومەت دەوڵەتەوە جێبەجێدەكرێ، ئەو چوارچێوە یاساییەی بۆمان داڕشتووە بە ئاشكرا باسمان كردوە كە چی دەبێ، لێرەدا پشتیوانی كۆمەڵگا گرنگە، پێدانی زنیاری بە كۆمەل و سەقامگیری ناوخۆ گرنگە، لەو چوارچێوەیەدا كارێكی نھێنی نابێ. ھەر گۆڕانكارییەك لە پەرلەمان جێبەجێبكرێ، لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتەكانی بەشدار لەپەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێ و گوێبیستی دەبن، ھەروەھا كۆمەڵگاش لێی ئاگادار دەبێتەوە، جگەلەوانە ئەگەر رێوشوێنی كارگێری بگیرێتە بەر ئەمەش لە راستیدا ئاشكرایە و دەبیسترێ."
ئاكدۆغان لە گوتەكانی ئاماژەی بە گرنگی قۆناغی ھەڵبژاردنی سەركۆماری بۆ پڕۆسەی چارەسەری كرد و گوتی: "پشتیوانی گەل بۆ ئەردۆغان كە داڕێژەری پڕۆسەكەیە دەستكەوتێكی باشە بۆ قۆناغەكە ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە كە خەڵك پشتیوانی لە پرسەكە دەكەن."
ئاكدۆغان ئاماژەی بە ھەندێ رووداوی نەخوازراودا كە بووە ھۆی رەنجاندنی دڵی ناوچەكە و گوتی: " ئەو رووداوانە نەیانتوانیوە ئاراستەی پڕۆسەكە بگۆڕن، ھەندێك رووداو وەك رێگابڕین و رفاندن، وەرگرتنی پارە لە ھاوڵاتییان روویاندا. بەڵام دیسان پڕۆسەكە بەردەوام بوو. لە سەرەتاوە باسم لەوە كرد، هەوڵی سستكردنی پڕۆسەكە لە ئارادایە، پێویستە ئەو هەوڵە لە رێگەی تەقاندنی گوللەوە نەبێ، ھەموو جۆری توندوتیژییەك كاریگەر هەیە لەسەر ئاسایش و ئەمەش سەرەتای تیرۆرە."
ئاكدۆغان لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە شاردنەوەی ھەندێك لە بەندەكانی قۆناغەكە بۆ رای گشتی، گوتی: "ھەرگیز شتێكی لەو شێوە لە ئارادا نییە. توركیا وڵاتێكی یاساییە. لە سەردەمێكی وەك ئێستادا كە راگەیاندن، میدیا و تۆڕە كۆمەڵاتییەكان ئەوەندە پێشكەوتووە ھیچ شتێك ناتوانرێ بە نەھێنی بمێنێتەوە و لە گەل بشاردرێتەوە. ئاكپارتی ١٢ ساڵە وڵات بەڕێوە دەبات، ئایاھیچ كارێكی نەھێنی كردووە؟ ھیچ شتێكی لە كۆمەڵگا شاردووەتەوە؟ سەركەوتنی ئاكپارتی لە سایەی شەفافیەتییەتی.ھەموو شتێك بە ئاشكرایی دەكات."
ئاكدۆغان جەختیكردەوە كە: "ھیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت ھەنگاوی نەخوازراو بنێ كە كۆمەڵگا پەسەندی نەكات. لە وڵاتێكی دیموكراتدا ئەو كارانە بە هاوبەشی گەل و پشتگری كۆمەڵگا ئەنجام دەدرێن."ئاكدۆغان باسی لە ھەوڵەكانی حكومەتەكەی كرد كە رێگایەكی راست و دروست بەڕێوە دەبات و گوتی: "پێویستە مرۆڤ لە ھەوڵی چارەسەر كردنی كێشەكان نەترسێت، بەڵكو پێویستە لە قوڵبوونەوەی كێشەكان بترسێت. دڵنییام حكومەت پڕۆسەكەدا زیاتر بەرەو چارەسەری دەبات."