Dlshad Saifaalddin Ahmed
03 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
لە سنووری مەرزی پەروێزخان (دەکەوێتە دووری ١٨١ کلم باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگای سلێمانی لە دیوی ھەرێمی کوردستان ـ سنووری پارێزگای کرمانشان لە دیوی ئێران) ماوەی چەند رۆژێکە ھێزە ھاوبەشەکانی ئێران و عێراق دەستیان بە مانۆڕێکی سەربازیی کردووە و بڕیارە ئەو مانۆڕە بە درێژایی سنوورەکانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان درێژە بکێشێت.
میدیای فەرمی ئێران، لەو بارەیەوە بڵاوی کردۆتەوە کە ئەمڕۆ قۆناغی سێیەمی مانۆڕەکە بەڕێوە دەچێت و تیایدا ھێزەکانی ئێران و عێراق بەشدارن ، لەو مانۆڕانەشدا هەلیکۆپتەر و زرێپۆش و چەندین جۆر تۆپ و تەقەمەنی تاقی دەکەنەوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، لەسەر سنووری مەرزەکەو لە زاری شایەت حاڵەکانەوە گواستیەوە، رۆژی رابردوو لە مانۆرشەکەدا هەلیکۆپتەر و زرێپۆش و تۆپ بەکارھێنراوە و ھێزێکی زۆری ھەردوولا ھێنراونەتە نێو مەرزەکەوە و مەترسی دەستبەسەرداگرتنی مەرزەکە ھەبووە، بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە ژمارەیەکی زیاتری ھێزی ئەمنییان رەوانەی سنوورەکە کردووە و داوای راگرتنی ھاتنە پێشەوەی زیاتری ئەو ھێزانەیان کردووە.
لە ئێستادا ژمارەیەکی زیاتری زرێپۆش و ھێزی سەربازی لەسەر سنوورەکە لە دیوی ئێرانەوە جێگیر کراون و لە دیوی ھەرێمی کوردستانیشەوە چاودێری وردی دۆخەکە دەکرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سنووری مەرزی پەروێزخان ، ئارام سایەخان لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "لە ئێستادا رەوشی سنوورەکە ئاساییە، ئەوەش دوای ئەوەی لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە دیوی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستیان بە مانۆڕێکی سەربازی کردووە ، دوێنێ بەو ھۆیەوە بۆ ماوەیەکی کاتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی راگیرا و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەستی پێکردەوە".
ئەو گوتی: "پەیوەندیمان بەلایەنی ئێرانەوە کردووە و ئەوان دڵنیاییان دا لەوەی مانۆڕەکە ھیچ مەترسییەکی لەسەر ھەرێمی کوردستان نییە و بە شێوەیەکی کاتی جموجوڵی بازرگانی رادەوەستێت".
ئارام سایەخان ئەوەشی گوت "ئەو ھێزەی مانۆڕە سەربازییەکە دەکەن جێگیرن، ھەرچەندە بەشێکیان کشاونەتەوە ".
مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان یەکێکە لە مەرزە ستراتیجییەکانی نێوان ھەردوولا و رۆژانە ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبیلی بارھەڵگر لەو مەرزەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن ، بە گوێرەی ئامارەکان ٤٠ لەسەدی ئاڵوگۆڕەکانی نێوان ھەردوولا لە رێگەی ئەو مەرزەوەیە.