Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراقدا کاندیدی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح وەک سەرکۆماری نوێی عێراق ھەڵبژێردرا و دەچێتە کۆشکی کۆماری سەلام لە بەغدا.
لە خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی نێو پەرلەماندا کاندیدانی پۆستی سەرکۆمار کە ژمارەیان ٢٣ کەس بوون، چوار کاندید کشانەوە، لە ئەنجامی دەنگداندا بەرھەم ئەحمەد ساڵح ١٦٥ دەنگ و کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، فوئاد حسێن ٨٩ دەنگ و کاندیدی سەربەخۆ، سروە عەبدولواحید ١٨ دەنگ، عەباس محەمەد ٤ دەنگ، نەوار سەعد ٢ دەنگ، مونقز عەبدولەتیف ٢ دەنگ، سائر غانم ١ دەنگ، ھەروەھا ١٣ دەنگی پووچەڵ و ٨ دەنگی بەتاڵ ھەبووە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان جەمال کۆچەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لە خولی دووەمی دەنگداندا کە ئێستا جیاکردنەوەی دەنگەکان بە کۆتا ھات، بەرھەم ئەحمەد ساڵح توانی بە بەدەستھێنانی ٢١٩ دەنگ لە بەرامبەر ٢٢ دەنگ بۆ فوئاد حسێن، ببێتە براوەی ھەڵبژاردنەکە و پۆستی سەرکۆماری نوێی عێراق بەدەستبھێنێت".
خولی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرکۆماری سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و کشانەوە ئەندامانی پارتی و تەنانەت بەبژێرەکەیان بەڕێوە چوو. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا کە بۆ رای گشتی خوێندرایەوە رایانگەیاند: "لە کاتێکدا جەخت لە باوەڕبوونمان بە ئالییەتەکانی دیموکراسی و دەستوور دەکەینەوە، بەڵام ئەوە دەیبینین لەکەڵ ئەو هەنگاوانەدا یەک ناگرێتەوە کە وەک عورف گیراوەتەبەر بەتایبەت لەنێوان کوتلە کوردستانییەکان".
پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاندووە کە "لەبارەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراق، پێویست پێشتر کوتلە کوردستانیێەکان لەسەر کاندیدێک رێکبکەوتبان یان لەنیو کوتلە کوردستانییەکان لەسەر ئەم پرسە رێکەوتبان و پەمە رووی نەدا" و لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەەوەتە، "لەبەر ئەم هۆکارە رایدەگەیەنین کە ئەم ئالییەتە لای ئێمە قبوڵکراو نییە و هەڵوێستی روونمان دەبێت لەسەر ئەم رێککارە و ئەو لایەنانەی پێشێلی رێککەوتنەکانیان کرد بەرپرسیارییەتی ئەو پێشێلکردنە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنانە و لەبەر ئەم هۆکارانە کشانەوەی کاندیدەکەمان لەم هەڵبژاردنە رادەگەێنین".
لە دوای روخانی حکوومەتی پێشووی عێراق ( سەدام حسێن) لە ساڵی ٢٠٠٣ ، پۆستی سەرکۆماری عێراق وەک پشکی کورد دیاری کراوە، لەنێو کوردیشدا یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئەو پۆستەی بەدەست بووە، جەلال تاڵەبانی لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٤ بۆ دوو خول، فوئاد مەعسوم لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨، بەرھەم ساڵح دەبێتە سێھەم سەرکۆماری عێراق.
ژیاننامەی بەرھەم ئەحمەد ساڵح:
ـ بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە ساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی لەدایکبووە.
ـ ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندیی کردووە بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە.
ـ لە ساڵی ١٩٧٩ دا دووجار لە لایەن حکومەتی ئەو کاتەی عێراقەوە بە تۆمەتی پەیوەندی بە لایەنە کوردییەکانەوە دەستگیرکراوە ، دواتر بەو ھۆیەوە عێراقی بەجێھێشتووە و روی لە بەریتانیا کردووە.
ـ ساڵی ١٩٨٣ لە زانکۆی کاردیف لە بەریتانیا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی و تەلارسازی بەدەستھێناوە.
ـ ساڵی ١٩٨٧ بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئامار و پراکتیزەی کۆمپیوتەر لە ئەندازیاریی گشتیدا لە زانکۆی لیڤەربول لە بەریتانیا بەدەستھێناوە و وەک ئەندازیاری راوێژکار لە کۆمپانیایەکی ئەوروپی کاری کردووە.
ـ ساڵی ١٩٩٢ لە یەکەمین کۆنگرەی ئاشکرای یەکێتیی نیشتمانیی بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراوەو ئەرکی بەڕێوەبردنی مەکتەبی پەیوەندییەکانی حزبەکەی لە ئەمریکای پێسپێردراوە.
ـ لە دوای یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کوردستان لە ساڵی١٩٩٢ نوێنەری یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە.
ـ لە ساڵی ٢٠٠١ تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٤ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (ئیدارەی سلێمانی) بووە،
ـ لەساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٢ سەرۆک وەزیرانی کابینەی شەشەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو.
ـ لە عێراق لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٠٤. بووەتە جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاتیی عێراق.
ـ لە ساڵی ٢٠٠٥ بووەتە وەزیری پلاندانان لە حکومەتی ئینتیقالی عێراق.
ـ لەساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٩ جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق بووە.
ـ زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی دامەزراندووە و ئێستاش سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باوەرمەندانی ئەو زانکۆیە دەکات.
ـ لە ساڵی ٢٠١٤ لەنێو حزبەکەیدا خۆی کاندید کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری عێراق، بەڵام رکابەرەکەی فوئاد مەعسوم متمانەی زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە بەدەستھێنا.
ـ ساڵی ٢٠١٧ دەستی لە پۆستی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کشاندەوە و وازھێنانی خۆی لە یەکێتی راگەیاند.
ـ ساڵی ٢٠١٨ قەوارەیەکی نوێی بەناوی ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری راگەیاند و بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداری ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراقی کرد.
ـ ڕۆژ ١٩ی ئەیلولی ٢٠١٨ گەڕانەوەی بۆ نێو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان راگەیاند و لە کۆبونەوەی سەرکردایەتی ئەو حزبە وەک کاندیدی فەڕمی یەکێتی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق دەستنیشانکرا.