Dlshad Saifaalddin Ahmed
03 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی – AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، میران محەمەد رایگەیاند "ئەگەر حزبەكەی لە وەرگرتنی پۆستێكی وەزاری لە بەغدا بێبەش بكرێت ئەوا هەڵوێستی دەبێت و ئەگەر لایەنە كوردییەكانیش رێكکەوتنیان نەبێت لەسەر ئەو پۆستانە لە بەغدا رەنگدانەوەی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت".
میران محەمەد لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیارە لە كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆی سبەی سێشەممە كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە تا ئێستا ئەجێندای كۆبوونەوەكە دانەبەزیوە، بەڵام پێدەچێت ئەجێندای هەمان كۆبوونەوەی هەفتەی رابردوو بێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو هەشت وەزارەتەی كە ماوە و بە هەموو حساباتێك دەبێت لەم هەفتەدا وەزیرەكان سوێندی یاسایی بخۆن و دەنگیان لەسەر بدرێت".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، میران محەمەد گوتی: "لە پەرلەمان دەردەكەوێت ئەگەر ناكۆكی هەبێت لەسەر دوو وەزارەت لە نێوان لایەنەكان بەتایبەت وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریی، كێشەی ئەمجارەی نێوان لایەنەكان ئەوەیە هاوپەیمانێتی پێشوو نەماوە لە نێوان لایەنەكان كە داوای وەزارەتێكیان دەكرد، بە نموونە بۆ وەزارەتی بەرگری سوننەكان نزیكەی 20 پاڵێوراویان هەیە و وەزارەتی ناوخۆش شیعەكان چەند پاڵێوراوێكیان هەیە و ئەو پاڵێوراوەش كە دانراوە بەشێكی لایەنە شیعەكان پێی رازین و بەشێكی تری پێی رازی نین، هۆكاری دواكەوتنی دانانی وەزیرەكانی تری كابینەكەش ئەو دوو وەزارەتەن".
میران محەمەد سەبارەت بە پشكی كورد لەو هەشت وەزارەتەی ماوە و پشكی حزبەكەشی دوا و گوتی: "لەماوەی رابردوودا یەكێتی خەباتی بۆ یەكڕیزی لایەنەكان كردووە و بۆ ئەو مەبەستەش قوربانی داوە بەخۆی، بۆ ئەم وەزارەتەش ئێمە پێمانخۆشە یەكڕیزی هەبێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، كێشەكە ئەوەیە ئێمە داوای وەزارەتی پارتیمان نەكردووە، بەڵام رەنگە لایەنێك هەبێت بڵێت من وەزارەتی خۆم وەردەگرم و وەزارەتەكەش مەدەن بە یەكێتی و بیدەنە لایەنێكی تر".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، حزبەكەی مەبەستیەتی پۆستێكی وەزاری هەبێت تا لەو رێگەیەوە لەناو كایەی سیاسی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بێت و بتوانێت لەو رێگەیەوە خزمەت بە ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێم و ناوەند بكات.
سەبارەت بە كاردانەوەی یەكێتی لە حاڵەتی بێبەشكردنی لە وەرگرتنی پۆستێكی وەزاری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، میران محەمەد لە وەڵامدا گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت دەبێت پشكمان هەبێت لە كابینەی تازەی حكوومەتی عێراقی، بەو پێیەی 18 كورسیمان هەیە و لە رابردوو كارەكتەرێكی سیاسی گەورەبووین، ئەم هەفتەیە ئەوە دەردەكەوێت كە ئایا یەكێتی بێبەش دەبێت لەو پشكەی داوایكردووە و لەو حاڵەتەدا هەڵوێستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی هەرچییەك بێت ئەوە جێبەجێ دەكرێت".
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی جەختیكردەوە لەوەی ئەگەر حزبەكەی بێبەش بكرێت لە وەرگرتنی ئەو پۆستە وەزارییە ئەوا هەڵوێستی دەبێت، بە هەمانكاتدا ئەو بە پێویستی دەزانێت بۆ ئەو پۆستانە كورد بە گفتوگۆ و رێكکەوتن یەكلایان بكاتەوە، بەپێچەوانەوە "دواتر نیگەرانی لێدەكەوێتەوە و رەنگدانەوەی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت" .
لە كابینەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی كورد تا ئێستا دوو پۆستی وەزاری وەرگرتووە كە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، لەو پۆستە وەزارییانەی كە ماون و تا ئێستا دەنگیان لەسەر نەدراوە ململانێ لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە و هەر لایەك وەرگرتنی پۆستی وەزاری سێیەم كە پشكی كوردە بە مافی خۆی دەزانێت و كاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان كردووە.