Hemin Hüseyin
03 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە رەزامەندی نیشاندراوە لەسەر پێدانی مۆڵەت بە چوار حزب و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ١٥ حزب داواکارییەکانیان لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و وردبینیدایە و ئاماژەش بەوە دەکات بەپێی بڕیارێکی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەر حزب و رێکخراوێک مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی نەبێت، ئەوا بارەگاکانی دادەخرێت.
بەڕێوەبەری کۆمەڵە و حزبەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، عەبدوڵڵا حەسەن مزوری لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەر حزبێک یان رێکخراوێکی سیاسیی، داوای مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوا پێویستە لە رێگای یەکە ئیدارییەکان داواکاریەک پێشکەش بکات کە تیایدا پەیڕەوی ناوخۆ و ئامانجەکانی تیادا روونکرابێتەوە، لەگەڵ دەستەی دامەزرێنەر کە نابێت ژمارەیان لە ٥٠ کەس و لایەنگرانیش ژمارەیان ٥٠٠ کەس کەمتر بێت".
عەبدوڵڵا حەسەن مزوری گوتیشی: "بەگشتی نزیکەی ١٥ حزب داواکارییان پێشکەشکردووە و لە رووی یاساییەوە لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و وردبینیدایە و چوار حزبیش داواکارییەکانیان تەواو بووە و پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە".
بەڕێوەبەری کۆمەڵە و حزبەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ داواکارییەک رەتنەکراوەتەوە، تەنها ئەوانەی کە ماون لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و وردبینیدان.
لەبارەی ژمارەی حزبە تۆمارکراوەکانیش لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، عەبدوڵڵا مزوری گوتی: "بەپێی یاسای ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، تا ئێستا ٣٦ حزب لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە و کار و چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن".
لە ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی فەرمانێکی بە ژمارە ٥٦٢ دەرکرد کە تایبەتە بە داخستنی بارەگای حزب و رێکخراوە بێ مۆڵەتەکان و راگرتنی سەرجەم چالاکییەکانیان، لەم چوارچێوەیەشدا هەفتەی رابردوو، ژمارەیەک بارەگاکانی بەناو تەڤگەری ئازادی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە شار و شارۆچەکەکانی هەرێمی کوردستان داخران، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری کۆمەڵە و حزبەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، عەبدوڵڵا حەسەن مزوری جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو حزب و رێکخراوانەى مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیان نەبێت ئەوا ناتوانن چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن و بارەگاکانیان دادەخرێت و گوتی: "لەسەر بڕیاری جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەو حزب و رێکخراوەى کە مۆڵەتی یاسایی نییە، پێویستە داوای مۆڵەت بکات و بەپێچەوانەوە ناتوانێت چالاکی ئەنجام بدات و پێویستە لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان بارەگاکانیان دابخرێت تا ئەو کاتەی مۆڵەتیان پێ دەدرێت".